لە سۆران شەربەتی بێ ناونیشان دەستی بەسەرداگیرا - وێنە: چاودێری بازرگانی سۆران
کەسێک ویستوویەتی بە رۆژووەوانانی بفرۆشێت
لە سۆران شەربەتی بێ ناونیشان دەستی بەسەرداگیرا
964+
شۆڕش قادری
مانگی رەمەزانە و شەربەت و شیرینی خواستی زۆری لەسەرە، بۆیە هەندێک کەس ئەو هەلە دەقۆزنەوە و چەند رەنگ و بۆنێک تێکەڵ دەکەن و دەیکەن بە شەربەت، لە سۆرانیش لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی چاوکراوەن و رێگە نادەن ئەو کەسانە بەو شێوەیە گیرفانیان پڕ بکەن.
جومعە عەلی، سەرۆکی لیژنەی پشکنین و چاودێریی بازاڕ لە چاودێریی بازرگانیی سۆران بە 964ـی وت، “لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریكردنی بازار و رێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو و بێ کوالێتی، لە ناحیەی دیانا، 63 شەربەتی بێ ناونیشان دەستی بەسەرداگیرا”.
“ئەو شەربەتە لە چەند گیراوەیەک دروستکراوە و شێوازی دروستکردنەکەی ناتەندروست بووە، خاوەنی شوێنەکەش بانگ کراوە و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت”، جومعە عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەکانیان بۆ ناو بازاڕ لە مانگی رەمەزان بەردەوام دەبێت، کەلوپەلی بێ ناونیشان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر شەربەت و کاڵایەک، لۆگۆ و بەروار و مۆڵەتی تەندروستی لەسەر نەبێت، دەستی بەسەردادەگیرێت.