"مۆڵەتیان نەبووە و کارمەندی بیانیان هەبووە"

هەشت سەنتەری جوانکاری لە سۆران داخران

شۆڕش قادری

بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و پابەند نەبوونیان بە رێنمانییەکان هەشت سەنتەی جوانکاری لە سۆران داخران.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، ئەمڕو چوارشەممە 5.3.2025 لیژنەکانیان بە هاوبەشی قایمقامیەت، بەڕێوەبەرایەتی KMCA ، سەندیـــكای دەرمانسازان، ئاسایشی سۆران و نوێنەری داواکاری گشتی سەردانی دەرمانخانە، سەنتەری پزیشکی و نۆرینگە و تاقیگەکانی قەزای ناوەندی سۆرانیان کردووە.

لە ئەنجامی ئەو پشکنین و بەدواداچوونەدا، هەشت سەنتەری جوانکاری بە هۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و کارکردنی کارمەندی بیانی بە بێ راستکردنەوەی بڕوانامە و هەبوونی مۆڵەتی پیشەیی و پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی داخراون.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران راشیگەیاندووە، هەڵمەتەکانیان بۆ پشکنین بازاڕ بەردەوام دەبێت و جگە لە سزادانیان، ناو و ناونیشانی ئەو شوێنانە بڵاودەکەنەوە کە پابەندی رێنماییەکان نین.