دیمه‌نێكی كاتى وه‌رگرتنى نموونه‌ى خوێن له كه‌سوكارێكی شه‌هیدانى پێشمه‌رگه... وێنه: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى مۆنۆمێنتى ئەنفال له چه‌مچه‌ماڵ.
پشکنینی DNA بۆ كه‌سوكاره‌كان به‌رده‌وامه
هێشتا رێكاره‌كانى ناسینەوەی روفاتی 17 پێشمەرگەکەی حەویجە كۆتایی نه‌هاتووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وه‌رگرتنى نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە بەردەوامە، کە روفاتەکانیان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی حەویجە دۆزرانەوە، له چه‌مچه‌ماڵ 21 نموونه‌ى خوێن وه‌رگیراوه و سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراقیش ده‌ڵێت نموونه‌ى خوێن له‌هه‌موو پارێزگاكانى هه‌رێم وه‌رده‌گیرێت.
رۆژی 13.2.2025 دۆزینەوەی تەرمی 17 پێشمەرگە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک گوندی بەگارەی سەر بە قەزای حەویجە لە سنوری پارێزگای کەرکوک راگەیاندرا، کە ساڵی 2015 بە دیلی کەوتبوونە دەست داعش.
رۆژى 16.2.2025 به‌بڕیارى دامه‌زراوه‌ى شه‌هیدانى عێراق هەڵمەتێک بۆ وەرگرتنی خوێن لە کەسوکاری پێشمەرگە بێسەروشوێنەکان دەستیپێکرد بۆئه‌وه‌ى لە رێگەی پشکنینی DNA ـه‌یەوە روفاتەکان بناسرێنه‌وه.
هابیل حاجى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنتى ئەنفال له چه‌مچه‌ماڵ كه یه‌كێك بوو له‌ناوه‌ندانه‌ى نموونه‌ى خوێنى كه‌سوكاره‌كانى لێوه‌رده‌گیرا، به 964ـى راگه‌یاند 21 نموونه‌ى خوێنین له‌كه‌سوكارى ششه‌هیدان وه‌رگرتووه و چه‌ند كه‌سوكارێكی كه‌م ماون لێیان وه‌ربگیرێت.
وتیشی “تاوه‌كو پێنجشه‌ممه‌ى رابردووش له نزیك حه‌ویجه نموونه‌ى خوێن له كه‌سوكارى پێشمه‌رگه وه‌رگیراوه”.
لە ساڵی 2015، لەکاتی هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سنووری کەرکوک و روبەڕوبوونەوەیان، 35 پێشمەرگە بە دیلی کەوتنە دەست داعش، دوای دووجار دەرکەوتنیان لە سنوری قەزای حەویجە بەدەستی ئەو گروپەوە و بڵاوکردنەوەی وێنە و تۆماری ڤیدیۆییەکانیان بێسەروشوێن بوون، تا ئەوکاتەی ئەو گروپە لە عێراق لەناوبران، بەڵام چارەنووسی ئەو پێشمەرگانە بە نادیاری ماوه‌تەوە.
لایخۆشییه‌وه، عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی راگەیاندووە، روفاتى هه‌ر 17 پێشمەرگەكه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كه کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژرابوون، رادەستی پزیشکی دادی کراوە بۆ ئەنجامدانی رێکارەکان.
وتیشی “هەڵمەتێکی وەرگرتنی نموونەی خوێنی لە کەسوکاری پێشمەرگە دیل و بێسەروشوێنەکانی سەردەمی شەڕی داعش، لە هەولێر، چەمچەماڵ و شارەکانی دیکەش وەردەگیرێت بۆ ناسینەوەیان”.
بەوتەی نائیلی، تاوه‌كو ئێستا ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی هێرشەکانی داعش هەڵدراونەتەوە، تەنها لە نەینەوا 134 گۆڕ هەڵدراونەتەوە، 51 گۆڕیش ماون و هەڵنەدراونەتەوە، تەنها لە شەنگال 93 گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، 64 گۆڕیش ماونەتەوە هەڵبدرێنەوە.