کۆبوونەوەى قایمقامییەتى چەمچەماڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى چەرموو سیتى
لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانە
قستی خانوەکانی گەڕەکی چەرموو سیتی بۆ 20 ساڵ درێژکرایەوە
964+
وریا فەتاح
قایمقامییەتى چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، لەبەر بەرژەوەندى هاوڵاتیان، قستی خانوەکانی گەڕەکی چەرموو سیتی بۆ 20 ساڵ درێژکرایەوە و کێشەی شەبەکەی ئاوی بەشێک لەگەڕەکەکە چارەسەر دەکرێت.
قایمقامییەتەکە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2.3.2025، لە دیوانی قائیمقامیەت بەسەرپەرشتى رەمەک رەمەزان و بە ئامادەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە و لە بارەى قیستەکانى پڕۆژەى چەرموو سیتى و تاپۆکرنى خانووەکان و کێشەى ئاوى پڕۆژەکە گفتوگۆ کراوە.
وەک باسکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کەمووکوڕی و کێشەکان چارەسەر بکات و لە سبەینێوە چارەسەرەکان دەخرێتە روو دەستبەکارکردن دەکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە، جگە لە چارەسەرکردنى کێشەى نەگەیشتنى ئاو بە بەشێک لە ماڵەکانى پڕۆژەکە، قیستەکانی پرۆژەکە بۆ 20 ساڵ درێژ بکرێتەوە.
“هاوڵاتیان دەتوانن بەپێی رێنمایی نوێ پابەندی دانەوەی قەرزەکانبن کە ئەوەش داواکاری ئیدارەی چەمچەماڵ و هاوڵاتیانی گەڕەکەکە بوو”، قایمقامییەتى چەمچەماڵ وا دەڵێت.
لەبارەى تاپۆکردنى خانوەکانیشەوە ئەوەخراوەتەڕوو کە لە ئێستادا کار بۆ تاپۆکردنی خانوەکانی پرۆژەکە دەکرێت کە ئەوەش دوای رەزامەندی لەسەر ماستەرپلانی پرۆژەکە و وەرگرتنی لە کۆمپانیا دەبێت.
پێشتر چەند جارێک، دانیشتوانى چەرموو سیتى لە ناحیەى شۆڕش گردبوونەتەوە و ناڕەزایەتیان پیشانداوە لە نەبوونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەتایبەت کێشەى نەگەیشتنى ئاو بە بەشێک لە ماڵەکان.
چەرموو سیتى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوونە، دەکەوێتە ناحیەى شۆڕش لە قەزاى چەمچەماڵ، لەسەر روویەرى 645 هەزار مەتردوجا دروستکراوە.
وەک ئەوەى کۆمپانیاى بەڕێز کە لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکەیە لە بەشى پڕۆژەکان باسى دەکات، لە 289 خانوو پێکهاتووە و دوو قوتابخانەی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی، دایەنگا، باحچەی ساوایان، لەخۆى دەگرێت رێژەى سەوزاییەکەى 20%ـە، بەڵام لە ماوەى رابردوودا دانیشتوانەکەى چەندین جار ناڕەزایەتیان پیشانداوە و دەڵێن بەو شێوەیە نییە کە پڕۆژەکە خستوویەتییەڕوو و تائێستا کێشەى ئاویان هەیە.