ترەمپ و جێگرەکەى هێرشى توند دەکەنە سەر زێلێنسکى...وێنە: بى بى سى
"رەفتارى نائاسایى و گەمژانەى دەکرد"
مۆسکۆ گەشتەکەى زێلێنسکى بۆ واشنتۆن بە شکستخواردوو ناو دەبات
964+
وریا فەتاح
مۆسکۆ هەڵوێستى خۆى لەسەر دیدارەکەى سەرۆکى ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەربڕى و سەدانەکەى زێلێنسکى بۆ واشنتۆن بە شکستخواردوو ناودەبات و دەڵیت، رەفتارى نائاسایى و گەمژانەى دەکرد.
ئەمڕۆ شەممە، 1ـى 3.2025، وەزارەتى دەرەوەى روسیا رایگەیاند، سەردانەکەى زێلێنسکى سەرۆکى ئۆکرانیا بۆ واشنتۆن، شکستێکى سیاسى و دیبلۆماسى بوو.
رۆژى هەینى لە کۆبوونەوەى کۆشکى سپى، زێلێنسکى و دۆناڵد ترەمپ، پێکهەڵپژان و قسەى توند و لێدوانى نا ئاسایى لە نێوانیان روویدا و ترەمپ بە توندى رەخنەى لە سەرۆکى ئۆکرانیا گرت بەهۆکارى بەردەوامى شەڕى روسیا و ئۆکرانیا ناساندى.
لەدواى ئەو رووداوانە، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەکی نووسراودا کە ئەمڕۆ شەممە لە ماڵپەڕی وەزارەتى دەرەوەى بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، سەردانەکەى زێلێنسکى بۆ واشنتۆن، شکستێکى تەواو سیاسى و دیبلۆماسییە، چونکە بەشێوەیەکى “نائاسایی و گەمژانە”، هەڵسووکەوتى دەکرد.
“سەرۆکى ئۆکرانیا شەرمەزارکەرە و ئامانجى سەرەکى مانەوەیەتى لە دەسەڵات، لە پێناو ئەوەدا ئۆپۆزسیۆنى لەناوبرد، دەوڵەتێکى دیکتاتۆرى دروستکردووە و بێبەزەییانە ملیۆنان هاوڵاتى بۆ مردن دەنێرێت”، زاخارۆڤا واى وتووە.