دیمەنی دووزخورماتوو لە بەرزاییەوە وێنە: 964
بۆ مانگی رەمەزان
ئیدارەی دوزخورماتوو بە مەرج رێگە بە کردنەوەی چێشتخانەکان دەدات
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئیدارەی دوزخورماتوو، لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا، لەکۆی زیاتر لە 100 چێشتخانەو خواردنگەی ناو سەنتەر و دەروەی قەزاکە، رێگەی داوە تەنیا 10 چێشتخانە و خواردنگە لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا کراوە بن، ئەویش بە مەرج.
ئەو مەرجەی شارەوانی بۆ خاوەن چێشتخانەو خواردنگەکانی داناوە، ئەوەیە کە لەکوێ سەرجەم چێشتخانە گەورەکانی سنورەکە تەنیا، پێنج چێشتخانە کراوە دەبن و مەرجیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت، بە زیادکردنی پارە لەسەریان واتە “موزایەدە” کردن، هەر خاوەن چێشتخانەیەک بڕی پارەی زیاتر بداتە شارەوانی ئەوا مەرجی قبوڵکردنی زیاترە لەوەی کە کەمتری داوە.
ئەمڕۆ هەینی 28.2.2025، قاسم عەلی، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممەوە جێبەجێدەکرێت، دەبێت خاوەن سەرجەم چێشتخانە و خواردنگەکانی قەزاکە لەرۆژی یەکشەممەوە سەردانی شارەوانی قەزاکە بکەن و ئەو مەرجەی بۆیان دیاری کراوە جێبەجێی بکەن.
ئەو پارەیەی لەخاوەن چێشتخانەکان وەردەگیرێت دەگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت و بڕیارەکە لەهەفتەی داهاتووە جێبەجێ دەکرێت و لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەو چێشتخانانەی کە پابەندی بڕیارەکە نابن و جگە لەسزای مادی چێشتخانەکەیان پێ دادەخرێت و پلانی ئیدارەی شارەکە وایە، دەستگیریش بکرێن.
زانا سەباح، خاوەن چێشتخانەی حەجی لەسەر رێگای کەرکوک بۆ بەغدا لە سنوری دزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەوان ئامادە نین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، چونکە لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا کار و کەسابەت لاواز دەبێت، لە توانای ئەواندا نیە هیچ بڕە پارەیەک بدەن بە لیژنەکانی شارەوانی، کار بگاتە ئەوەی کە بەزەبری هێز پێیان دابخەن، ئەوا کێشەیان نیە و چێشتخانەکەیان دادەخەن.
لە قەزای دوزخورماتوو زیاتر 55 چێشتخانەی گەورە و 60 خواردنگە هەن، بەشێکیان دەکەونە سەر رێگای گشتی کەرکوک بۆ بەغدا و بڕیارەکە سەرجەمیان دەگرێتەوە بەپێی تایبەتمەندی شوێنەکە و ئەو مەرجانەی بۆیان دانراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا