لە ماوەی ساڵی ڕابردوو"
لە گەرمیان سێ کەس ویستویانە بەدوای شوێنەوار بگەڕێن دەستگیرکراون
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان، رایدەگەیەنێت لە ساڵی رابردوودا لەڕێگەی دوو زانکۆی بەریتانی و ئیتاڵی، کنە و پشکنینیان بۆ چەند ناوچەیەکی شوێنەواری لە گەرمیان ئەنجامداوە. دەشڵێت: لەسەر گەڕان و شێواندنی شوێنەوارەکانیش سێ کەس دەستگیرکراون.
زانکۆی گلاسکۆی بەریتانی کنە و پشکنینی لە تەپەی شاخی کورە کردووە لە بان ئاسیاو، زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵیش کاری کنە و پشکنینی لە قەڵاکۆنی ناحیەی سەرقەڵا و تەپە گاوری لە ناحیەی قۆرەتوو، کردووە.
ساڵەح محەمەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ـى وت،”لە ئەنجامی کنە و پشکنینەکان گەشتوین بە دەرئەنجامی زۆر باش، بڕیارە بۆ ئەمساڵیش ئەو دوو زانکۆیە بگەڕێنەوە گەرمیان و کاری کنە و پشنینی زیاتر بۆ ئەو جێگایانە ئەنجام بدەن”.
“لە ساڵی ڕابردوو سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە ئامێری گەڕان بەدوای شوێنەواریان پێبووە، ویستویانە شوێنەوار بدۆزنەوە، بە بڕیاری دادوەر ماوەی ساڵێک سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو”، ساڵەح محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند سکاڵایەکیان پێشکەشکردووە بەھۆی ئەمەی چەند شوێنەوارێک لەلایەن کەسانی نەناسراو تێکدراون، بەڵام تا ئێستا ھیچ کەسێک نەدۆزراوەتەوە و بەدواداچونەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح