کەسێک دراوی 25 هەزار دیناری عێراقی دەژمێرێت _ وێنە: 964
"پارە زووتر دێت"
بەرپرسێک بۆ 964: ئەم لیستەی بۆ بەغدا نێردرا جێگیر دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، هەندێک داواکاری نوێ هەبووە، لەسەر ناوی “چواری فەرمانبەر، هەژمار، خانەنشینان وە مۆڵەت بێ موچەی و گەڕانەوەی فەرمانبەر” ئەوانە هۆکار بووە بۆ درەنگ ناردنی لیستی موچە بۆ بەغدا.
ئەو بەرپرسە باڵایە بە روونی ئەوەی ئاشکراکرد، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ بەغدا نێردراوە، لیستێکی تەواوە و وەزارەتی دارایی عێراق لەلای خۆی جێگیری دەکات.
رۆژی 17.2.2025ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ لیستی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆران، داوای ژمارەی بانکی فەرمانبەرانی کرد، بەپرسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەمەرجی ناونەهێنان زانیاری بۆ 964 ئاشکرا کرد ئەوەی خستەڕوو، حکومەت لە سەرەتای ساڵێکی نوێیە، هەموو ئەوەی هەبووە بابەتی رۆتین رێگر بووە لە بەردەم ئامادەکردنی لیستی موچە بە گوێرەی داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەگینا هۆکارێکی دیاری یان کێشەیەک رووی نەداوە.
لەبارەی جێگریکردنی لیستەکە، ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری گفتوگۆکانە وتی، ئەو لیستی موچەیەی ئەمڕۆ بۆ بەغدا نێردراوە، لە وەزارەتی دارایی عێراق جێگیر دەکرێ و ئەوان لە سبەی پێنجشەممەوە دەستدەکەن بە رێکارەکانی خۆیان، پێمان وایە، لە زووترین کات پارە دێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و مانگی داهاتوو ئاسانتر دەبێ پڕۆسەکە.
لەبارەی ئەگەری دواکەوتنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو وتی، ئێمە بۆیە رێککەوتنمان کردووە، تا موچە دواکەوتن کۆتایی پێ بێت، ساڵی رابردوو کێشەی زۆر هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو كێشانە دەتوانرێ بوترێ، هەمووی چارەسەر بووە.
ئەمڕۆ، چوارشەممە 26.2.2025، لیستی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەرێگای تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کرا.