نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
"ئەوەی ماوەتەوە هونەرییە"
نێچیرڤان بارزانی: هەموو شتێک ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
964+
ژووری هەواڵ
لە کۆڕبەندی هەولێر 2025، لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەندەری جەیهانەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، هەموو شتێک ئامادەیە، لایەنی عێراقی و تورکی سەرجەمیان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەن و ئەوەی ماوەتەوە پرۆسەی هونەرییە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، مووچە مافی مووچەخۆرانە و دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت ئەو مافە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور بۆ مووچەخۆران هاوشێوەی عێراق، جێبەجێبکەن چونکە مافێکی دەستوورییە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، لەتێڕوانینی ئەوانەوە، نەوت کالایەکی بازرگانییە و بە سیاسی سەیری ناکەن و باسی لەوەکرد، زیانی وەستانی نەوت لەسەر عێراق نزیکەی زیاد لە 19 ملیار دۆلار بووە.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، لە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمریکا رۆڵی زۆری هەبووە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هاندەر بووە و رووسیاش بەهەمان شێوە هەوڵیداوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، عێراق بەناو سیستمێکی فیدراڵیی هەیە، بەڵام جێبەجێکردن و مامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا تەواو پێچەوانەیە و زۆر مەرکەزییە.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، عێراق وایدادەنێت هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەرێمێک مامەڵەدەکات و هەولێریش وایدادەنێت، مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە هیچ سیستمێکى فیدراڵدا بوونی نییە.