هەرکەسەو بۆ مافی خۆی
پزیشکانی دانەمەزراو و دامەزراویش لە سلێمانی گردبوونەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
جارێکیتر دەرچووانی دانەمەزراوی بەشە پزیشکییەکان لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گردبوونەوە و ئەمجارە پزیشکە دامەزراوەکانیش لەگەڵیان دەنگیان هەڵبڕی، بەڵام هەرکەسەو بۆ مافی خۆی، پزیشکە دامەزراوەکان دەڵێن، ئەگەر دەرچووان دانەمەزرێن، ئەوانیش پلەیان بەرزنابێتەوە.
د. دارۆ هادی نوێنەری پزیشکانی دامەزراو لەناو خۆپیشاندانەکەدا بە 964ـی وت، “ئێمە هەموو ساڵێک پلەبەندیمان هەیە، بەڵام ئەمساڵ لەبەر دانەمەزراندنی ئەم دەرچووانە، پلەبەندیمان دواکەوتووە و وەستاوە، ئەمەش کەلێنێکی گەورەی دروستکردووە”.
“نزیکەی هەزار و 200 پزیشک دەبین و ئەگەر ئەم دەرچووانە دانەمەزرێن، پلەبەندی بۆ ئێمە ناکرێت”، د، دارۆ هادی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانەمەزراندی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان کاریگەری لەسەر تەواوی سیستمی تەندروستی دەبێت، خوێندنیان دەوەستێنێت و ناتوانن بەردەوامی بە خوێندن بدەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری