دیمەنی ئەو بیرەی لە گوندی قوڕەگۆ بەشێوەی نایاسایی هەڵکەندراوە وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین
لەماوەی دوو هەفتەدا شەش کەس بەهۆی بیرهەڵکەندنەوە دەستگیرکراون
964+
ژێوار خدر
لە گوندی قوڕەگۆی قەزای رانیە سێ کەس بەتۆمەتى بیر هەڵکەندنى نایاسایى لەسەر موڵکی گشتی دەستگیرکران و دەستیش بەسەر ئامێرەکانیاندا گیرا.
شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت، “دوێنێ یەکشەممە 23.2.2025 مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتیمان لە بەشی جوڵانەوە دەرچوون بۆ سنوری قورەگۆی دەربەندی رانیە و سێ کەسیان دەستگیرکرد، کە خەریکی بیر هەڵکەندن بوون بەشێوەیەکی نایاسایی و لەسەر موڵكی گشتی.”
وتیشی، بیر هەڵکەندن بەدەست هەتا 20 مەتریش یاساییە و کێشەی نییە، بەڵام ئەو کەسانە بە ئامێر بیرەکەیان لەسەر موڵکێک هەڵکەندووە، کە هیچ تاپۆیەکی نەبووە.
باسی لەوەشکرد، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لەسەر بیر هەڵکەندن شەش کەسیان دەستگیر کردووە، کە سیانیان لە ناحیەی ژاراوەی قەزای پشدەر بوون و دەستیش بەسەر ئامێرەکانیاندا گیراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسانە رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر، رێکارەکان ئێستا توندتر کراون، سزاکەیان بە پێژاردنێک دەبێت کە لە نێوان یەک بۆ حەوت ملیۆن دینارە یان بە زیندانیکردن لە سێ مانگ هەتا ساڵێک بەپێی جۆری سەرپێچییەکە، هەموو ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی دەستیشیان بەسەردادەگیرێت، نادرێنەوە بە خاوەنەکانیان و دەبن بە موڵکی حکومەت.