قوتابى ئەدەبى لە بەشى پزیشکى وەرگیراوە

دژى پێنەدانى مۆڵەتى کارکردن؛ دەرچوان و خوێندکارانى پەیمانگایەک گربوونەوە


عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

بەشێک لە خوێندکاران و دەرچوانى پەیمانگای تەکنیکی و پیشەیی پیرمام گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، ناڕەزایەتییەکەیان بەهۆی ئەوەیە دواى دەرچوونیان سەندیکا مۆڵەتى کارکردنیان پێنادات.

سارا ئەحمەد، یەکێکە لە خوێندکارانى پەیمانگاکە و بە 964ـی وت، “سەندیکا پێمان دەڵێت دەبێت خوێندنەکە یان پیشەیی بێت یان تەکنیکی، کێشەکە ئەوەیە لە بەشى پزیشکى جوانکارى، قوتابى بەشی وێژەیی (ئەدەبى) وەرگیراوە، هەر بۆیە مۆڵەتی کارکردنمان پێنادەن”.

لای خۆیەوە د. ئەحمەد سەیدە، بەرپرسی دامەزراوەی پەیمانگای تەکنیکی و پیشەیی پیرمام بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “ئەمە خولی یەکەمە خوێندکار لەو بەشە دەردەچن، بۆیە ئەو کێشەیە دروستبووە”.

بە وتەی د. ئەحمەد، ئەوان بەردەوام لەگەڵ قوتابیان بوون و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێداون، “وەرگرتنی ئەو خوێندکارانە بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بووە، هەرچەندە سەندیکاش مافی خۆیەتی لێکۆڵینەوە بکات”، بەرپرسەکەی پەیمانگا وا دەڵێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح