بیرۆکەى قوتابییەکى 14 ساڵە کە لە دەرزى ترساوە
لە رێگەى ئارەقکردنەوە پشکنینەکانت بۆ دەکات و جێگەى دەرزى دەگرێتەوە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
لە چوارچێوەى 21ـەمین ئۆڵۆمپیادى پڕۆژەى ناوخۆیى عێراق، كە قوتابخانەی یونایتد ساینس بەهاوبەشی زانكۆی سلێمانی و پەروەدەی سلێمانی ساڵانە بەڕێوەیدەبات، تێیدا 250 بیرۆکەى و پڕۆژەى قوتابیان خرانەڕوو.
ترسان لە دەرزى بیرۆکەکەى لا دروستکردووم
نور سەردار کە قوتابییەکى تەمەن 14 ساڵانە، ترس لە دەرزى بیرۆکەیەکى گرنگى لا دروستکردووە و کردویەتى بە پڕۆژە و لە ئۆڵۆمپیادەکەدا نمایشى کرد.
بیرۆکەکەى نور، پشکنینە لە رێگەى ئارەقکردنەوەى مرۆڤەوە، بە وتەى نور سەردار کە بۆ 964 قسەى کردووە،”لەرێگەی بیرۆكەكەمەوە دەتوانین چەند پشكنینێكی گرنگ ئەنجام بدەین، كە لەناو ئارەقی مرۆڤ مادەكانی كلوكۆز، لاكتیت، كروتۆزل، ئەلكترۆیلات و یۆریا، لەرێگەی پێستەكەشەوە دەتوانین سوڕی خوێن بخوێنینەوە.”
وتیشی،”بەم مادانە دەتوانین پشكنینی شەكرە، بەشێك لە هۆڕمۆنەكانی جەستە، پشكنینی رژێنی دەرەقی و گورچیلەی پێ بكەین”.
وەک ئەوەى روونى کردووەتەوە، بیرۆكەكە تێچووی پشكنین دەگەڕێنێتەوە و چیتر پێویستیان بە دەرزى نابێت.
جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر پشتگیرى بکرێت، دەتوانێت بیرۆکەکەى بکات بە پڕۆژەیەکى تەواو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح