چۆن بە سەنتەری سلێمانی دەبەسترێتەوە؟
100 مەترییەکەی سلێمانی ناوەڕاستی 2026 تەواو دەبێ
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
شارەوانی سلێمانی چاوەڕوانی کۆمپانیای جێبەجێکارە بۆ تەواو کردنی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و بڕیارە ناوەڕاستی 2026 تەواو ببێت.
بڕیارە دوو رێگەی بەستنەوەش بە ناوەندی سلێمانی لەسەر قۆناغی یەکەمی شەقامەکە دروست بکرێ.
لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە 964 وت، شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی هێشتا تەواو نەبووە، شارەوانی سلێمانی 913 رۆژی دیکەیان پێداون، داوای پلانی کاریان لێکراوە و تا ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە.
بەپێی ئەو ماوەیەی پێیان دراوە بۆ تەواوکردنی دەبێت لە دوای نیوەی ساڵی 2026 قۆناغی یەکەمی کارەکان تەواوبکرێ، لەیلا عومەر وتی، شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی چەند قۆناغێکە و لە قۆناغی یەکەمدا 34 کیلۆمەتری جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕوانی دابینکردنی بودجەن لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ دەستپێکردن بە قۆناغەکانی دیکەی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا