ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و بازرگانی لە سلێمانی کرایەوە

بانکەكانی رەشید و رافیدەین چۆن لق لە سلێمانی دەكەنەوە؟

دیلان محەمەد جەزا

ناوەندێکی نێودەوڵەتیی دارایی و بازرگانی لە سلێمانی کرایەوە و لقی بانکە عێراقی و عەرەبییەکانی تێدا دەکرێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت بانکە عێراقییەکانی رافیدەین و رەشیدیش لق لەوێ بکەنەوە، شارەزایەکی داراییش دەڵێت ئیتر هاوڵاتیان لە مامەڵە داراییەکان قۆڵیان نابڕێ و فێڵیان لێناکرێت.

لە رێورەسمی ناوەندەكە عەلی عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك بازرگان و خاوەن سەرمایە ئامادەبوون.

ئاودێر عەبدولواحید راوێژکاری دارایی و بازرگانی بە 964 وت، ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و بازرگانی لە شاری سلێمانی کرایەوە و هەلی کار دەڕەخسێنێت بۆ هاوڵاتیان و چەندین بەشی جیاوازی تێدایە.

باسی لەوەشکرد، هەریەکە لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین جێگایان لە ناوەندەكە بۆ دیاریکراوە و چاوەڕوانی ڕێگەپێدانی وەزارەتی دارایی عێراقن بۆ کردنەوەی لقەکانیان، چونكە ئەوان سەر بەو وەزارەتەن.

سەبارەت بە بابەتی تەوتینی موچەی فەرمانبەران لە لایەن بانكەكانی رەشید و رافیدەینەوە لە سلێمانی، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەدا، هەر بانكێک سیستمی خۆی لە كاركردن هەیە و ئەوان دەتوانن بڕیار بدەن بێنە ناو پرۆسەكە یان نا.

ئاودێر عەبدولواحید هەروەها وتی، لەمەودوا لە ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و بازرگانیی سلێمانی، هاوڵاتیان دەتوانن پشكی براند و كۆمپانیا جیهانییەكان بكڕن و مامەڵەی پێوەبكەن، بەبێ ئەوەی فێڵێان لێبكرێ و پارەكانیان بدزرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا