دیمەنی بەفربارین لە گوندی دێریشکێ، دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
بۆ هەولێر نییە
لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفرەکە دەگات
964+
ژێوار خدر
خۆتان ئامادە بکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەفر دەبارێت و پێناچێت ئەم جارەش پارێزگای هەولێر بگرێتەوە.
کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سبەی شەوەوە شەپۆلێکی باران بارین دەستپیدەکات و لەگەڵێشیدا پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە و پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلی باران و بەفرە تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت.
بەپێی کەشناسی هەرێم، زۆرترین دابارین لە رۆژی پێنجشەممەدا دەبیت، ئەوەش لە ئەنجامى یەکگرتنى دوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور دەبێت.
دەشڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنى باران بارین، لە ناوچە سنووریەکان بەفر بارینیش دەست پێ دەکات، بەڵام لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەواییەکى ساردتر بەفر بارین، دێتە سەنتەری پارێزگاى دهۆک و سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارەى راپەڕین و زاخۆ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ نزم بوونەوەى زیاترى پلەکانى گەرما بەفر بارین تا ئاستى 600 مەتر بە تێکەڵى لەگەڵ باران دەبارێت .