لەگەڵ گروپێکی جیهانی

سیڤان پایەدار بە ستایلی فەنک یادی محەمەد شێخۆ دەکاتەوە

964+

پەری ساڵح

سیڤان پایەدار بە موزیکێکی تایبەت و بە ستایلی فەنک لەگەڵ گروپێکی جیهانی لە ئەڵمانیا گۆرانیەکی محەمەد شێخۆ نوێ دەکاتەوە.

وەرە وەرە نیک من رونە، یەکێکە لە بەرهەمە تایبەتەکانی هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان محەمەد شێخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 سیڤان پایەدار وتی، دەزانم لای زۆر میللەتی تر ئەم بەرهەمە وتراوەتەوە، بەڵام ئەم گۆرانیە مۆرکی کوردیە و تێهەڵکێشی ستایلی فەنکم کردووە لەگەڵ گروپێکی موزیکی ئینتەرناشناڵ لە ئەڵمانیا نوێم کردووەتەوە.

هەر ئەوەش نییە، وەک سیڤان باسی کرد، لە ئێستادا بە نیازە چەند تراکێکی تر لەگەڵ هەمان گروپی موزیکی بەرهەمبهێنێت، نەک تەنیا کوردی بەڵکو موزیکە بەناوبانگەکانی ناوچەی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا نوێی دەکەنەوە، دواتریش لەگەڵ گروپێکی فەرەنسی کارێکی هونەری ناوازەی بەدەستەوەیە.

سیڤان پایەدار، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێرە و ساڵانێکە وەک موزیسیانێکی دیار کاری لەسەر چەند بەرهەمێک کردووە بە ئامێری سەکسی فۆنەکەی بووەتە جێگای سەرنج و یەکێک لە کارەکانیشی لەگەڵ هەژار زەهاوی بوو بەناوی مانگ.