"نەخۆشخانەی هیتوت هێڵی سوورە"

خۆپیشاندەرانی هیتوت شوێنیان خۆش کرد و خێمەیان هەڵدا

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

دانیشتووانی کۆمەڵگەی هیتوت لە ناحیەی دێرەلوکی قەزای ئامێدی، گردبوونەوەکەیان فراوان کرد و خێمەیان هەڵدا.

بەهۆی دەنگۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەی هیتوت، دوێنێ دانیشتووانی کۆمەڵگەکە گردبوونەوە و لەئێستاشدا خێمەیان بەرامبەر نەخۆشخانەکە هەڵداوە و شوێنیان خۆش کردووە، بۆیە پێناچێت بەمزووانە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکەیان بهێنن.

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە کە ناوی “نەخۆشخانەی هیتوت” دەگۆڕدرێت بۆ “نەخۆشخانەی شۆڕش”، ئەوەش بە خەڵکی دەڤەرەکە هەزم ناکرێت.

حوسێن عەلی یەکێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگەی هیتوت بە 964ـی وت، “درەنگانی شەوی رابردوو خێمەمان هەڵداوە و چۆڵی ناکەین تا ئەو کاتەی لایەنی پەیوەندیدار دێتە سەر خەت و دەنگۆکە رەتدەکاتەوە”.

محەمەد هیتوتی یەکێکی تر لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە وتی، “ناوی نەخۆشخانەی هیتوت هێڵی سوورە و کەس بۆی نییە بیگۆڕێت، چونکە زەویەکەمان بەخۆڕایی دا بە حکومەت و لەسەر داوای خۆمان ئەو ناوەی لێنرا”.

کۆمەڵگەی هیتوت دەکەوێتە ناحیەی دێرەلوک لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک .

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

دانیشتووانی کۆمەڵگەی هێتوت گردبوونەوە و رێگای سەرەکیی...

دانیشتووانی کۆمەڵگەی هێتوت گردبوونەوە و رێگای سەرەکییان داخستووە