خەمی کرێ تەکسیت نەبێ بە بەلاش دەتبەن"
بازاڕێکی تایبەت بە مانگی رەمەزان لە زاخۆ دەکرێتەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
پێش هاتنی مانگی رەمەزان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بازاڕێکی تایبەت بە خۆراک و پێداویستییەکانی ناوماڵ لەسەر جادەی زاخۆ بۆ دهۆک دەکاتەوە، شومەک لە بازاڕەکە هەرزانە و خەمی کڕی تەکسیشتان نەبێ، بە بەلاش دەتانبەن و دەتانهێنن.
بەقسەی بەرپرسانی دەڤەرەکە، هەرچییەک دڵ بیهەوێ لەو بازاڕە دەست دەکەوێ، وەک برنج و زەیت و شەکر و مریشک و گۆشتی سوور و شیرمەنی و نوقڵ و نەباتیش.
جا هەر ئەوەش نییە، بەڵکو پاس و مینی پاس لە چەند شوێنێک دادەنرێن و بەخۆڕایی و بەبەلاش هاوڵاتیان دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکە و دەیانبەنەوە ماڵەوە.
کوڤان ئاڤدەل، بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئەو بۆ دووەم ساڵە بۆ مانگی رەمەزان ئەو کارە دەکەین و مەبەستمان هاوکاری هەژاران و خەڵکی کەم دەرامەتە”.
کاڵا و پێداویستییەکانی ئەو بازاڕە زۆر هەرزان دەبن و هاوڵاتیان دەتوانن بەباشی لێی سوودمەند بن”، کۆڤان ئاڤدەل وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مانگی رەمەزانی پێشوو زۆربەی مارکێتەکانی زاخۆ دەستپێشخەریان کرد و لەناو سەنتەری شار داشکاندنی گەورەیان کرد، بەڵام ئەم بازاڕە تایبەت دەبێ و شتەکان زۆر هەرزانتر دەبن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری