"تووشی سکچوون و رشانەوە بووین"
گومان دەکرێت ئاوی خواردنەوەی گەڕەکێک لە سەنگەسەر تێکەڵ بە زێراب بووبێت
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
ئاوی خواردنەوەی گەڕەکی بانوان لە ناحیەی سەنگەسەر گومانی تێکەڵبوونی بە ئاوی زێرابی لێدەکرێت، بۆیە بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە ئاوەکە بەکارناهێنن و دەڵێن، تووشی نەخۆشی بوون.
ئومێد محەمەد موختاری گەڕەکی بانوان لە سەنگەسەر بە 964ـی وت، “10 ساڵ دەبێت جۆگەیەکی زێراب لە نزیک بیری ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکەماندا تێپەڕدەبێت، جارێک لە کاتی پاککردنەوەی جۆگەکە، بۆریی بیرە ئاوەکە شکا و ئاوی زێراب تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوەمان بوو، ئەو جارە بۆرییەکەیان چاککردەوە، بەڵام ئێستا کە ئاوەکە بەردەدەینەوە، نزیکەی 10 خولەک ئاوەکە کەفاوێکی زۆر دەهێنێت و پێمانوایە ئاوەکە پاک نییە و پیسە”.
ئاریان رەمەزان دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی بانوان وتی، “تەندروستیم تێکچووە و تووشی سکچوون و رشانەوە بووم، بۆیە ئێستا ئاوەکە بەکارناهێنم”.
سەبارەت بەو بابەتە، 964 پەیوەندی کرد بە دلێر ئیسماعیل سەرۆکی شارەوانی سەنگەسەر، ئەو وتی، “دەزانین کە بۆری ئاوی خواردنەوەی ئەم گەڕەکە نزیکە لە زێرابەوە، لەچەند هەفتەی رابردوودا پلانی چارەسەرمان هەبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە چاکی بکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیان لەوەی کە ئاوی خواردنەوەی ماڵان تێکەڵ بە ئاوی زێراب نەبووە، بەڵام پێشیان ئاسایی نییە بەو شێوەیە لەیەک نزیک بن.
دلێر ئیسماعیل وتیشی، “دەرخستەمان کردووە بۆئەوەی رەزامەندی وەرگرین، زێرابی گەڕەکەکە بە ژێر زەویدا بگوازینەوە بۆ سەر رووباری سەنگەسەر، بەوەش مەترسی لەسەر ئەو بیرە نامێنێت، کە ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان دابین دەکات”.
گەڕەکی بانوان لە ناحیەی سەنگەسەر نزیکەی 80 ماڵە و دانیشتووانەکەشی نزیکەی 200 کەس دەبن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری