"هاوڵاتیانیان بێزار کردبوو"

ئەو ماتۆڕانەی لە شەقامەکانی هەولێر سەرکێشیان کرد دەستیان بەسەرداگیرا

شۆڕش قادری

ژمارەیەک ماتۆڕسوار لە هەولێر ئەوەی خوا پێی ناخۆشە کردوویانە، چراسووریان بەزاندووە، بە پێچەوانەی شەقام رۆیشتوون، سەرکێشیان کردووە، دەستکاری گزۆزیان کردووە و بە هاتوهاواریان هاوڵاتیانیان بێزار دەکرد، بەڵام لە دەست پۆلیسی هاتوچۆ قوتاریان نەبوو و ماتۆڕەکانیان لێسەنرا.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، لەلایەن مەفرەزەکانیانەوە ژمارەیەک لەو ماتۆڕسکیلانە دەستیان بەسەر داگیراوە، کە لە شەقامەکان سەرکێشیان دەکرد و بە شێوازێکی مەترسیدار نمایشیان دەکرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ماتۆڕانە بەپێچەوانەی ئاڕاستەی شەقام رۆیشتوون، لەچرای سووری ترافیک نەوەستاون و دەستکاری گزۆزیان کردووە.

هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت، ئەو ماتۆڕسوارانە ببوونە مایەی مەترسی بۆ سەر گیانی خۆیان و شوفێرانی تر و هاوڵاتیانیان بێزار کردووە.