دیمەنی چاککردنی ئامێرێکی پاڵاوگەی ئاوی کەلار.وێنە.بەڕیوەبەرایەتی ئاوی کەلار
پێویستیان بە گۆڕینە
تۆڕی ئاو لە چوار گەڕەکی کەلار بەردەوام دەشكێن
964+
ژووری هەواڵ
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار داد و بێدادیانە بەدەست چوار گەڕەکی شارەکەوە و هەر رۆژە و بۆڕیەکی ئاو لەو گەڕەکانە تێکدەچێت و ئاوی خواردنەوە تێکەڵ بە ئاوی ئاوەڕۆ دەبێت.
لە شاری کەلار لەکۆی 34 گەڕەک، چوار گەڕەکیان پێویستیان بە گۆڕینی تۆڕی ئاو هەیە و ئەو بۆڕیانەی بەکارهاتوون تەمەنیان زیاتر لە 40 ساڵە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025، سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964ـی راگەیاند، لە ساڵی هەشتاکانەوە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکانی شۆڕش، شێروانە، بەشێکی فەرمانبەران و راپەڕین نۆژەننەکراونەتەوە و بەوهۆیەوە رۆژانە دەشکێن و ئاوی خواردنەوە تێکەڵ بە ئاوەڕۆ دەبێت.
“بەهۆی بەردەوامی شکانی تۆڕی ئاوی ئەو گەڕەکانی لۆدێکی زۆرمان لەسەر دروستبووە، چەند جارێک تیمەکانی تەندروستی پشکنینیان بۆ ئاوی خواردنەوەی ئەو گەڕەکانە کردووە و دەرکەوتووە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ، تەندروست نیە بۆ خواردنەوە”، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار وای وت.
بە وتەی سامان رەحیم، نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی ئەو گەڕەکانە پێویستی بە شەش ملیار دینار هەیە و داوای دابینکردنی بودجەیان کردووە، لە ئێستاشدا کار لە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکی بنگرد دەکرێت.