"گەشتیار دێ و دەڕوا"

دوای دوو رۆژ رێگای مەرزی کێلێ کرایەوە

شۆڕش قادری

دوای دوو رۆژ رێگای مەرزی کێلێ کرایەوە و هاتوچۆ تیایدا ئاسایی بووەتەوە.

عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 16.2.2025 رێگای مەرزی کێلێ لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە بەفر پاک کراوەتەوە و گەشتیار دێ و دەڕوا”.

ماوەی دوو رۆژ بوو بەهۆی بەفربارینەوە، هاتوچۆ لە مەرزی کێلێ پەکی کەوتبوو و بەقسەی بەرپرسانی مەرزەکە، کێشەکە لە دیوی ئێرانەوە بووە و ئەوان رێگاکەیان پاک نەکردووەتەوە.

ماوەیەکە بەهۆى شەپۆلى بەفر ، ناوە ناوە رێگای مەرزی کێلێ دەگیرێت و هاتوچۆ تیایدا رادەگیرێت.

مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.