هێشتا ناسنامەكانیان نەزانراوە

رووفاتی 17 پێشمەرگە لە حەویجە دۆزرانەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق ئاشكرای كرد، لە قەزای حەویجە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە، کە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە.

بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکی عێراق، یاسەمین مونزر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.2.2025 رایگەیاند، رووفاتی 17 پێشمەرگەیان لە گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزیوەتەوە، هێشتا ناسنامەكانیان ئاشكرا نییە، بۆ کۆکردنەوەی نموونەش لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە ناوچەی حەویجە، هەڵمەتێکیان لە هەولێر ئەنجام دا و دوو رۆژی خایاند، هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەکە تەواو دەبێت، کە هەموو خێزانەکان لە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.”

یاسەمین مونزیر ئاشكراشی كرد، هەڵمەتی دیکەش رێکدەخرێن، کاتێک گۆڕی نوێ هەڵدەدرێنەوە، کە رووفاتی شەهیدانی پێشمەرگەیان تێدایە.

پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كردووە، زیاتر لە 60 پێشمەرگە وەك دیل كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

پێشتر لە 2014 كاتێك داعش هێرشی كرد و موسڵ و حەویجە و دەوروبەری بەدەستەوە بوو، لە شەڕێكدا ژمارەیەك پێشمەرگە وەك دیلی جەنگ كەوتنە دەست داعش، كە دواتر لە حەویجە لە ناو قەفەسدا بە خەڵك پێشاندران و وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاوكرایەوە، بەڵام دوای ئەوە نەزانرا چارەنووسیان چی بەسەرهات.

جگە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی حەویجە،  به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ پێشتر رێكخراوى به‌تریكۆر به‌ 964ـى داوه‌، له‌ سنوورى قه‌زاكانى شنگال و ته‌له‌عفه‌ر تا ئێستا 92 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ و 700 رووفاتیش ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى به‌غدا كراون بۆ ناسینه‌وه‌یان، به‌ڵام ته‌نیا 342 رووفات له‌رێگه‌ى پشكنینى DNA ناسراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش كارى پشكنینان به‌رده‌وامه‌.

نزیكه‌ى 10 داواى یاسایی رووبه‌ڕووى قاسم شه‌شۆ ده‌كرێ...

نزیكه‌ى 10 داواى یاسایی رووبه‌ڕووى قاسم شه‌شۆ ده‌كرێنه‌وه‌‌