
شاری کەرکوک - social media
حەوت رۆژی بێ ئاوی روو لە کەرکوک دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
سەرجەم گەڕەکەکانی کەرکوک بۆ ماوەی حەوت رۆژ بێئاو دەبن، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکەش دەڵێت هەر ماڵێک ئاوی ویست بە تانکەر بۆی دەبەن.
بەهۆی پاککردنەوەی بۆڕی گەیاندنی ئاو بۆ ماڵان، چاککردنەوە و کاری میکانیکی و کارەبایی ئامێرەکان، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئاوی کەرکوک لە کارکردن دەوەستێت.
بڕیارەکە لە رۆژی 13ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
هیشام ئیبراهیم، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی کەرکوک بە تۆڕی964ی راگەیاند: هۆکاری بڕینی ئاوەکە بۆ پاککردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاو و چاککردنەوەی میکانیکی و کارەبایی ئامێرەکانە، ئەوەش ساڵانە ئەنجامدەدرێت.
تۆڕی964 لە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە دەزانێت، شاری کەرکوک رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 270 هەزار مەترسێجا ئاو هەیە، بەڵام کەمتر لە 200 هەزار مەترسێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت.
“هەر ماڵێک لە ماوەی ئەو حەوت رۆژەدا ئاوی بووێت بە تانکەر بۆی دەبەین”، هیشام ئیبراهیم وای وت.