ناو بازاڕی رانیە وێنە: قایمقامیەتی رانیە
پابەند نەبن سزا دەدرێن
گەراجەکانی رانیە رێنماییان پێدەدرێ
964+
ژێوار خدر
لێژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەتی قەزای رانیە، کۆمەڵێک رێسا و رێنماییان بۆ خاوەنی گەراجەکانی رانیە داناوە و ئەگەر پێوەی پابەند نەبن سزا دەدرێن و هەر هاوڵاتییەکیش لە شوێنی گونجاو ئۆتۆمبێلەکەی رانەگرێت، پسوڵەی سەرپێچی بۆ دەکرێت.
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە بە 964ـی وت، رینماییەکان لەپێناو رێکخستنەوەی گەراجەکانی ناو شاری رانیە دەرکراون، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک گەراجی تازە کراونەتەوە و بەشیکیان تەنانەت مۆڵەتیشیا نییە و شپرزەییان لەناو شار دروستکردووە.
وتیشی، ئێستا زیاتر لە 25 گەراج لەناو گەڕەکەکان و بازاڕی رانیەدا هەن، سەرجەمیان ئاگادار کراونەتەوە سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە بکەن و رێنمایی لە تیمی هونەری وەربگرن، هەر کەسێکیش پابەندی رێنماییەکان نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بە داخستنی شوێن کارەکانیان و غرامەکردنیان.
ئەو رێنماییانەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت بۆ گەراجەکان دایناون ئەمانەن؛
1- پێویستە مۆڵەتی کارکردنیان هەبێت و بەسەر نەچووبێت.
2- نابێت زیادەڕۆیی بکەنە سەر شۆستە و شەقامەکان.
3- درووستکردنی سیاج بۆ چوارچێوەی کارەکەیان بەجۆرێک بێت بگونجێت لەگەڵ سرووشتی شەقامەکە.
4- دانانی کامێرای چاودێری.
5- کردنەوەی دوو کراوە بۆ داخڵ بوون و دەرچوون.
لەلایەکی دیکەشەوە، قایمقامیەتی رانیە هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان لەشوێنی گونجاو و رێپێدراو بوەستێنن، چونکە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەرین لەکاتی جیاوازدا سەردانی مەیدانی بۆ ناو بازاڕی ئەنجام دەدەن لە ئەگەری پابەند نەبوونی شوفێران پسوڵەی سەرپێچیان بۆ دەنوسرێت.