کۆنکرێت دەکرێت

ناوبازاڕی رانیە چاککرا و نۆرەی شەقامی قولەیە

ژوولی عەدنان

کاسبکاران و کڕیارانی بازاڕی رانیە دوکان و شەقامەکەیان بۆ چاککرا و ئێستاش شارەوانی خەریکی شەقامی قولەیە.

ساڵانێک بوو ناوبازاڕی رانیە بە خراپی شەقامەکەی ناوبانگی دەرکردبوو، ئێستا وا نەماوە و کۆنکرێتێکی سافی بۆکراوە، لەوەش زیاتر دوکانەکان رێکخراون و بوون بە یەک دیزاین.

بەرهەم رەسوڵ، بەڕێوەبەری شارەوانیی رانیە بە 964 ی وت ”مەبەستمان جوانکاری ناو بازاڕ و رێکخستنەوەی شەقام و لابردنی زیادەڕەوییەکانە، شەقامی ناوبازاڕ کۆنکرێت کرا و قولەش وا خەریکین چاکی دەکەین”.

وتیشی، ” شەقامەکان هاتوچۆی زۆری لەسەرە و کاسبکارەکان کاری لێ دەکەن، بۆیە دەمانەوێت بە زووترین کات کارەکان تەواو بکەین”.

باسی لەوەش کرد، ماوەی 210 رۆژ بۆ تەواوکردنی کارەکان دانراوە و ئەوان لە مانگی 10 ەوە دەستیان بە کارەکان کردووە، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ و رێکخستنی کارەبای شەقامەکە دواکەوتوون.

” تێچووی هەردوو پڕۆژەکە زیاتر لە 300 ملیۆن دیناری عێراقییە و لە پێناو جوانکردنی رانیەیە” بەرهەم رەسوڵ وای وت.