13ـەی شوباتی هەموو ساڵێک

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی رادیۆیە 

964+

توانا نەقی

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان 13ـەی شوباتی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانی رادیۆ ناساندووە، لە جیهاندا یادی ئەو هۆکارە کۆنەی راگەیاندن دەکرێتەوە.

رادیۆ یەکێکە لە هۆکارەکانی راگەیاندن کە ئەتوانرێت بە بەناوبانگترینیان دابنرێت و هەتاوەکو ئێستا بەهای لەدەستنەداوە و زۆرێک لە پەیام و ژانەری میدیایی لە رێگەیەوە دەگەیەنرێت.

لە 25ـی تەمموزی ساڵی 1874دا (گۆلیملۆ ماركۆنی) یەكەمین شەپۆلەكانی كارۆ مۆگناتیسی بۆ داهێنانی رادیۆ دۆزییەوەو خودی ئەویش داهێنەری تروسكەكانی بێ تەلە.

لەرۆژێکی سەرمای مانگی شوباتی ساڵی 1920 دەنگی مۆسیقای ئەو قەوانانە بیستران، کە ئەندازیارانی کۆمپانیای بیستبێرگ تاقیان دەکردەوە، ئەو ماڵانەی ئامێری وەرگرتنی شەپۆلەکانی دەنگیان هەبوو، دەنگی مۆسیقاکەیان بیست، داوایان لە کۆمپانیاکە کرد دەستوبرد بکەن، تا ماوەی پەخشی موسیقاکان زیادبکەن.

دواتر کۆمپانیاکە یەکەم وێستگەی رادیۆیی خۆی لە ساڵی 1920 دانا، ئەو رۆژە بوو بە یەکەم دەستپێکی بڵاوکردنەوەی پەخشی رادیۆیی.

پەخشی ڕادیۆیی مێژوییەكی كۆنی هەیەو هەر وڵاتێك لەوڵاتانی جیهان رۆژێكی خۆی دیاری كردووە بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی رادیۆیی لەوڵاتەكەدا.

بەگوێرەی هەمو سەرچاوە كوردییەكان، یەكەم رادیۆی كوردی لە 19ـەی نۆڤەمبەری 1939 لەبەغدا كراوەتەوە، ئێزگەی دووەم بەزمانی كوردی (رادیۆی ڕۆهەڵات) لە 5ـی ئازاری 1941 لەبەیروت‌ و ئێزگەی سێیەمی كوردیش لە ئابی 1942 لەیافا (فەلەستین) كراوەتەوە.

ئێستا لە کورددستان بە دەیان رادیۆ بوونی هەیە و پەخش و بەرنامەکانی خۆیان بیسەری تایبەتیان هەیە و جگە لەوەش تەکنەلۆژیا و ئاسانتری کردووە بەوەی دەتوانرێت بە مۆبایلی زیرەکیش و هەروەها لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیشەوە بەبەردەوام گوێبیستی رادیۆ بیت.