"پێشتر ئاگادار کراوەتەوە"
لەدوای داشکاندن نرخی جلوبەرگەکانی گرانتر کرد و داخرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
مۆڵێکی فرۆشتنی جلوبەرگ لە زاخۆ، فێڵی لە هاوڵاتیان کردووە و لەبری ئەوەی لەدوای داشکاندن کەلوپەلەکانی هەرزان بکات، گرانیکردووە، بەوهۆیەوە چاودێری بازرگانی دایخست.
مۆڵەکە داشکاندنی بەڕێژەی 200٪ لەسەر جلوبەرگەکانی دانابوو، هاوڵاتییەکی زۆر لەخۆشی ئەو داشکاندنە زۆرە سەردانیان دەکرد، بەڵام دەرکەوتووە کە جلوبەرگەکانی بە نرخی گرانتر لە پێش داشکاندنەکە فرۆشتووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی چاودێری بازرگانیی زاخۆ، ئەگەر مۆڵەکە پێشتر چاکەتێکی بە 100 هەزار دینار فرۆشتبێت، لەدوای داشکاندن بە 110 هەزار دینار فرۆشتوویەتی و لەسەری نوسیوە نرخەکەی لە 300 هەزارەوە کردووە بە 110 هەزار دینار.
کوڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئەمە لەناکاو نەبوو، پێشتر خاوەنەکەی لەسەر فێڵکردن و ساختەکاریی و دەستکاری نرخی کەرەستەکان ئاگادارکرابووەوە، بەڵام پابەند نەبوو بۆیە سێ رۆژ مۆڵەکەی دادەخرێت و هۆشداری توندیشمان پێداوە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش