کۆڕبەندی ئابووری لە نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لە رۆما بەڕێوەدەچێت - وێنە: ژووری بازرگانی هەولێر
کۆڕبەندی ئابووری بەڕێوەدەچێت
لە پەرلەمانی ئیتاڵیا یادداشتنامەیەکی تایبەت بە پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سۆران ئیمزا کرا
964+
شۆڕش قادری
یەکەم کۆڕبەندی ئابووری ئەمساڵ لە نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تیایدا یادداشتنامەیەکی تایبەت بە بنیاتنانی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سۆران ئیمزا کرا.
مەعروف هەرکی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر بە 964ـی وت، “بە ئامانجی کارکردنی هاوبەش لە سێکتەرە جیاوازەکان و وەبەرهێنان کردن لە هەردوولا، ئەمڕۆ سێشەممە 11.2.2025 یەکەم کۆڕبەندی ئابووری ئەمساڵ لە نێوان وڵاتی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئیتاڵیا لە شاری رۆما سازکرا و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت”.
بەقسەی مەعروف هەرکی، کۆڕبەندە بەئامادەبوونی بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لاوەند مەموندی، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی و نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و ژمارەیەک لە سەرمایەدار، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی کوردستان و ئیتاڵیا بەڕێوەدەچیت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان (Visit Kurdistan) و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی ئیمزا کراوە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە بنیاتنانی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە دەڤەری سۆران، کە بڕیارە لە شەش مانگی داهاتوو کۆمپانیاکە دەست بە کارەکانی بکات.