هەڵەبجە بێ پارێزگار و جێگرەكەیەتی

فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە دەرگای دیوان دادەخەن

+964

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

فەرمانبەرانی دیوای پارێزگای هەڵەبجە بڕیار بوو ئەمڕۆ گردبوونەوە بكەن و ناڕەزایی دەرببڕن بەهۆی نەبوونی پارێزگار و جێگرەكەی، بەڵام دواتر گردبوونەوەكەیان نەكرد و بە یاداشتێك كێشەی خۆیان بەیان كرد.

ماوەی نۆ رۆژە بە ھۆی خانەنشینبوونی پارێزگار و جێگرەکەیەوە، ھەڵەبجە بێ پارێزگارە و تا ئێستاش ھیچ بڕیارێک ئاراستەی ھیچ کەسێک نەکراوە، کە وەک پارێزگاری نوێ دەستبەکاربێت، ھەر بۆیەش ھەڵەبجە ئێستا لە بۆشاییەکی ئیداریدایە و ھیچ بڕیارێک لە دیوانی پارێزگاوە دەرناچێت.

فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و بە دیاریکراویش ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆیان کردووە، داواکارن کە کەسێک وەک پارێزگار یاخود جێگری پارێزگار دیاری بکرێت، چونکە بەھۆی ئەو بۆشاییە ئیدارییەوە کە دروست بووە، تا ئێستا موچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە و ناشتوانن وەریبگرن، دەشڵێن کێشە بۆ موچەی مانگی دووش دروست دەبێت.

لە یاداشتەکەدا فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا رایانگەیاندووە، تا چارەسەرکردنی کێشەکەیان، دەرگای فەرمانگەکە دادەخەن، چونکە بە وتەی ئەوان ئەمە بە کەم سەیرکردنی پارێزگاکەیە.

بەھۆی یاسای خانەنشینی نوێوە، ھەریەک لە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە، شاھین حەمەڕەزا، جێگری پارێزگار لە 31.1.2025ەوە خانەنشین بوون، ئەگەرچی بڕیاربوو تا دەستنیشانکردنی پارێزگاری نوێ، ئازاد تۆفیق لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت، بەڵام لە دوای 31.1 ەوە دەوامی نەکردووە، ئێستاش ماوەی نۆ رۆژە ھەڵەبجە نە پارێزگاری ھەیە و نە جێگری پارێزگار.

964 هەوڵیدا لەگەڵ فەرمانبەرێك لە دیوانی پارێزگا، بە تایبەتی ئەوانەی یاداشتەكەیان راگەیاندووە قسە بكات، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسە بكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە دەرگای دیوان دادەخەن