"بەقاچاخ هێنراوە و دەستی بەسەردادەگرین"
لە هەولێر یانسیب منداڵێکی ژەهراوی کرد
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە هەولێر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ یانسیبێکی کڕیوە کە سوراوێکی تێدابووە، دوای ئەوەی سوراوەکەی لە لێوی داوە، ژەهراوی بووە و روخساری سورهەڵگەڕاوە و شێواوە، بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن، یانسیبەکە بەقاچاخ هێنراوە و دەستی بەسەردادەگرن.
یانسیبەکە ناوی ماهرە کە وێنەی (تۆم و جێری) لەسەرە و هیچ بەروارێکی بەسەرچوونیشی لەسەر نییه.
ئەسرین ئەمیر ئەو منداڵەیە کە یانسیبەکەی بۆ دەرچووە، ئەو بۆ مایکی 964 قسەی کرد و وتی، “داوا لە منداڵان دەکەم، ئەمجۆرە یانسیبە نەکڕن، با حکومەتیش رێگری بکات لەم جۆرە یانسیبانە تاوەکو منداڵانی دیکە وەکو منیان لێ نەیەت”.
ئەمیر ئەحمەد، باوکی ئەسرین رووداوەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “کچەکەم لە دوکانێکی نزیک ماڵی خۆمان ئەو یانسیبەی کڕیوە و سوراوێکی تێدابووە، لە رێگای ماڵەوە لەخۆی داوە، شەو بە سوراوەکەوە خەوتووە و بەیانی کە هەڵساوە، روخساری ئاوساوە و چاوی بۆ هەڵنەهاتووە”.
“دوای رووداوەکە یەکسەر بردمان بۆ لای پزیشک و تا ئێستاش پیشانی سێ پزیشکمان داوە، دوای وەرگرتنی چارەسەر، تەندروستی باشتر بووە، بەڵام هێشتا پێویستی بە چارەسەری زیاترە”، ئەمیر ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پزیشکەکان وتویانە ئەو سوراوە ژەهراوییە و نابێ بەهیچ شێوەیەک بۆ منداڵ بەکاربهێنرێت.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە د. ئیسماعیل بەرزنجی بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی هەولێر، ئەو وتی، “سبەینێ یەکشەممە 9.2.2025 دەچینە ئەو مارکێتەی کە یانسیبەکەی لێ فرۆشراوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی هێنانی یانسیبکە بدۆزینەوە و دەستبەسەر هەموو یانسیبەکەدا بگرین، چونکە رێگە پێنەدراوە و بە قاچاخ هێنراوە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری