لە شار دەبرێنە دەرەوە و شوێنیان بۆ دروست دەکرێت
سەردەمێکی نوێ بۆ ماتۆڕسواران لە پێنجوێن دەستپێدەکات
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
ماتۆڕسکیل هۆکارێکی گواستنەوەیە کە لە رووداوەکانی هاتوچۆدا قوربانی سەرەکین و زیانیان بەردەکەوێت، زۆرجاریش لەناو شەقام و بازاڕ ماتۆڕسواران نمایشی جۆراوجۆر دەکەن و خەڵک بێزار دەکەن، لە پێنجوێن هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی، ئەو کلتورە لەناو ماتۆڕسواران نەمێنێت و بچنە قۆناغێکی نوێوە.
د. محێدین محەمەدخانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “پێنجوێن شاری فێربوون” بە 964ـی وت، خۆی ماوەی 25 ساڵ ماتۆڕسواری کردووە و دەیانەوێت کەلتوری ماتۆڕسواری بگۆڕن و سەقافەتی تێدا دروست بکەن.
“ماتۆڕ هەر ماتۆڕە و ناگۆڕدرێت، بەڵام دەمانەوێت شوێنێکی تایبەت بۆ نمایشی ماتۆڕسواران دروست بکرێت، بۆ ئەوەی بە وەرزش خۆیان بنوێنن نەک بە دەنگی بەرز و ژاوەژاو خەڵکی بێزاربکەن”، د. محەمەدخانی وای وت.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ماتۆڕسواران دانیشتون و لیژنەی پاڵەوانێتیان دروست کردووە و لە داهاتووشدا کێبڕکێ و پاڵەوانێتیان بۆ رێکدەخەن.
نزیکەی دوو ساڵە پڕۆژەی “پێنجوێن شاری فێربوون” لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوان و مامۆستا و کەسایەتییە جیاوازەکان لە پێنجوێن دروست بووە و لەبواری پاراستنی ژینگە و پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی چالاکی دەکات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری