بە رێكەوت دۆزراوەتەوە

گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵ لە شنگال هەڵدرایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تیمێكی عێراقی، كە بە تیمی نیشتمانی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ناسراون، هەڵدانەوەی گۆڕێکی نوێی بەكۆمەڵیان لە شنگال راگەیاند، بۆ گەڕان بەدوای روفاتی ئەو کەسانەی بە دەستی چەكدارانی داع*ش* کوژراون، هاوکات شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردەوە کە گۆڕەکە بە رێکەوت دۆزراوەتەوە.

سەرۆکی تیمی هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق ئەحمەد قوسەی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “تیمەكانمان دەستیان بە کارەکانی هەڵدانەوەی گۆڕێكی نوێ لە شنگال کرد، لەوێش بەردەوام دەبن تا دوایین روفات دەردەهێرێت”.

وتیشی، “روفاتەكان رادەستی پزیشکی دادیی بەغدا دەکرێن، بەهۆی بوونی کادیرانی پاڵپشت لە بەشی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان”.

ئەحمەد قوسەی دەڵێت، “گۆڕەکە لە ساڵی 2023 دۆزراوەتەوە، کاتێک خەڵکەکە توانیویەتی ژمارەیەک لە قوربانییەکان لە رێگەی پاشماوەی جلوبەرگەکانیانەوە دەستنیشان بکەن، پاش تەواوبوونی رێکارەکانیش روفات و كەلوپەلەكان رادەستی كەسوكاریان دەکرێت”.

یەکێک لە کەسوکاری ونبووەکانی شنگال، بەناوی موحسین مەحمود بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، “گۆڕستانەکە بە رێكەوت دۆزرایەوە لە کاتی کارکردنی شۆفڵ بۆ رێكخستنی پارچە زەوییەك بۆ دروستكردنی قوتابخانە”.

ئەو دەڵێت، “روفاتی سێ لە براكانم و براژنێكمم بە جلوبەرگەكانیانەوە ناسییەوە “.

کتێبی

کتێبی "عوزێر" رزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە زمانی عەرەبی بڵاوکرایەوە

هەروەها بەیدا ئەحمەد، كە هاوڵاتییەكی دیكەی شنگالە، پشتڕاستی دەكاتەوە،  هاوسەرەکەی لە ساڵی 2014 لە نزیک گۆڕستانەکە لە لایەن چەكدارانی داع*ش* رفێندرا، كە دەكەوێتە ناو شنگال، ئەو دەڵێت، “بڕوام وایە لێرە بەخاک سپێردراوە”.

بەیدا چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکانی تیمی نیشتمانییە، بۆ وەرگرتنەوەی روفاتی هاوسەرەكەی.

به‌پێی ئامارێکى رێكخراو‌ی پەتریكۆر بۆ مافەكانی مرۆڤ، تا ئێستا 93 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى ئێزدییه‌كان دۆزراوه‌ته‌وه، له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌دا ته‌نیا 55 گۆڕ هه‌ڵدراوه‌نه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش به‌ هه‌ڵنه‌دراوى ماونه‌ته‌وه‌.

لەو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ى كارى هه‌ڵدانه‌وهش‌یان بۆ كراوه‌، 750 روفات ده‌رهێندراون، به‌ڵام 242 روفات تا ئێستا ناسنامه‌یان دیار نییه‌ و نه‌ناسراونه‌ته‌وه‌.

ساڵی 2014 رێكخراوی چەكداری و توندڕەوی داع*ش* هێرشكرایە سەر شاری موسڵ و قەزای شنگال و دەیان شوێنی دیكە، لە ئەنجامدا بە سەدان هاوڵاتی كوژران و شوێبزركران، كە دواتر بەشێكی زۆریان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دۆزرانەوە، ئەمە جگە لەوەی بە هەزاران كەسیش ئاوارە بوون.