پێویستە چی بكەن؟

بازرگانانی هەولێر دەتوانن بەشداریی پێشانگەی وزەی میونشن بكەن

ئەرسەلان عەبدوڵا

پێشانگەیەكی بازرگانی بۆ پیشەسازیی وزە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەكرێتەوە، بازرگان و خاوەنكارانی هەولێریش دەتوانن بەشداریی بكەن، ژووری بازرگانییش دەڵێت ئاسانكارییان بۆ دەكەن.

كامەران محەمەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 5.2.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، پێشانگە نێودەوڵەتییەكەی میونشن لە 7 تا 9ی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت، زیاتریش لە بواری وزەی پاك و كارەبای سیستمی سۆلار و ژینگەیە، هەر بازرگان و خاوەن كارێكی هەولێر نیازی بەشداریكردنی هەیە و لەم بوارانەی دیاریكراوە كار دەكات، ئێمە وەک ژووری بازرگانیی هەولێر هاوكاریان دەبین.

وتیشی، “هەر بازرگانێک ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بێت، بۆ بەشداریكردن لە پێشانگەكە، ئێمە نووسراوی پاڵپشتییان پێدەدەین بۆ فەرمانگەی كاروباری دەرەوەی حكومەتی هەرێم و كونسڵخانەی ئەو وڵاتەی بۆی دەچن، بۆ ئەوەی كاروباری ڤیزا و بەشداریكردن لە پێشانگەكەیان بۆ ئاسان بكەین”.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، كە دواكات بۆ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ بەشداریكردن، رۆژی 18ی ئەم مانگەیە.

بازرگانانی هەولێر دەتوانن بەشداریی پێشانگەی وزەی میونشن بكەن