لە رووی زانستییەوە هۆکارەکەی بزانە
قەلە رەشەکان بۆچی بە کۆمەڵ کۆدەبنەوە؟
964+
ئاکام غەفور- سۆران
ماوەیەکە لە دەڤەری سۆران لێرە و لەوێ قەلەڕەشەکان بە کۆمەڵ بە ئاسمانەوە دەبینرێن، لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنە و ڤیدیۆی ئەو پۆلە قەلەڕەشە بڵاودەکرایەوە و دەوترا گوایە کۆبوونەوەی قەلەڕەشەکان نیشانەی بارینی بەفرێکی زۆرە لە ناوچەکە و بەشێكی دیکەش وەک نیشانەی روودانی کارەساتێکی سروشتی لێکدانەوەیان بۆ دەکرد
رەنگە زۆربەمان بینیبێتمان کە قەلەڕەشەکان دەورەی یەکتر دەدەن و کۆدەبنەوە، بەڵام زانیاری ئەوەمان نەبێت کە بۆچی بەم شێوەیە کۆدەبنەوە، 964 بە پشت بەستن بە توێژینەوە زانستیەکان و قسەی خەڵکی بە ئەزموونی ناوچەکە، هۆکاری کۆبوونەوەی قەلەڕەشەکان روون دەکاتەوە.
ئەوەی دەستمان کەوت ئەوە بوو، کە قەلە رەشەکان کاتێک کۆچدەکەن بە کۆمەڵ کۆ دەبنەوە، یان کاتێک دانەیەکیان مردار ببێتەوە بەم شێوەیە کۆدەبنەوە و پرسە دەگێڕن.
قەلە رەشەکان خۆیان بە سرووشت باڵندەی کۆمەڵایتین، لەگەڵ ئەوەش گۆشت خۆرن و ئەگەر لە شوێنێک لاشەی ئاژەڵێکی مرداربووەوە هەبێت بە کۆمەڵ دەوری ئەو شوێنە دەدەن.
کرێکار عەبدلفەتاح، پزیشکێکی ڤێرتەرنەریە، بۆ 964 وتی، ”سێ هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ دەرکەوتنی قەلەڕەشەکان بە کۆمەڵ، یەکێک ئەوەیە زۆر کۆمەڵایتین لەگەڵ ئەوەش کە بە کۆمەڵن باشتر دەتوانن خۆیان لە هێرشی ئاژەڵە دڕندەکان بپارێزن و لە کاتی راو کردنیش ئاسانتر راوی خۆیان دەکەن”.
وەک ئەوەی ئەو پزیشکە باسی دەکات، لە رووی زانستیەوە هیچ بەڵگەیەک نیە، بیسەلمێنێت قەلە رەشەکان لە دوای خۆیان ناخۆشی و کارەساتی سروشتی دروست بکەن.
مام سلێمان قادر، دنیادیدەیەکی دۆڵی ئالانەیە، بەپێی ئەوەی تەواوی ژیانی لە ناوچە شاخاویەکان بەسەربردووە، شارەزاییەکی باشی هەیە لەگەڵ قەلەڕەشەکان، مام سلێمان بۆ 964 دوا و وتی، ”قەلەڕەشەکان کاتێک کە یەکێکیان دەمرێت بە کۆمەڵ کۆدەبنەوە و پرسە دەگێڕن، لە کاتی کۆچ کردنیش هەر بە کۆمەڵ دەردەکەون”.
ئەحمەد مستەفا، بە تەمەنێکی رواندزە و دەڵێت، لە کۆندا هیچ کاتێک نەبووە دەرکەوتنی قەلە رەش وەک نیشانە بێت بۆ هاتنی بەفر و بارانی زۆر.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر