بیناکەی دەدات بە حکومەت

خێرخوازێک سەنتەرێكی ئۆتیزم لە زاخۆ دروست دەكات

964+

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

ماوەی شەش مانگ زیاترە خێرخوازێک خەریکی بنیادنانی سەنتەرێکی ئۆتیزمە لە زاخۆ، خێرخوازەکە نیازی وایە دوای تەواوکردنی، سەنتەرەکە رادەستی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکات و بیخاتە خزمەت منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم.

ئێستا سێ سەنتەری ئۆتیزمی ئەهلی لە زاخۆ هەن و هیچ سەنتەرێکی حکومی نییە، دوای کردنەوەی ئەم سەنتەرە، ئەو خێزانانەی تووشبووی ئۆتیزمیان هەیە، کەمێک باری سەرشانیان سووکتر دەبێت.

ئەمین ئەحمەد، باوکی دوو لە تووشبووانی ئۆتیزمە بە 964ـی وت، “بە کردنەوەی ئەم سەنتەرە باری سەرشانمان سووکتر دەبێت، هەنگاوێکی باشە چونکە نیوەی موچەکەم زیاتر بۆ سەنتەرە تایبەتەکان دەچێت، دەستخۆشی لەو خێرخوازە دەکەم”.

ئەندازیار عاسم شێخۆ، سەرپەرشتی پرۆژەکە بە 964ـی وت، “پرۆژەکە لەسەر رووبەری یەک دۆنم زەوی دروستکراوە و دوو نهۆمە و گۆژمەی پرۆژەکە زیاتر لە 550 ملیۆن دینارە، تەواو بووە و دوای چەند رۆژێکی تر رادەستی ئیدارەی زاخۆ دەکرێت”.

عەبدولرزاق محەمەد، بەرێوەبەری چاودێری و کۆمەڵایەتی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، “هەمو شتێک تەواو بووە و تەنیا هەندێک گوڕانکاری ژوورەکان و زیادکردنی یاریی منداڵان ماوە، لە داهاتویەکی نزیکدا تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە”.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە قەزا و ناحیەکانیەوە نزیکەی 200 توشبووی ئۆتیزم تۆمارکراون، هەندێک هەر لە ماڵەوە چارەسەری منداڵەکانیان دەکەن و هەندێکی تریش لە سێ سەنتەرە ئەهلییەکە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

یەکەم سەنتەری حکومی ئۆتیزم لە قەزای کفری کرایەوە

یەکەم سەنتەری حکومی ئۆتیزم لە قەزای کفری کرایەوە