22 منداڵ تۆمارکراوە
یەکەم سەنتەری حکومی ئۆتیزم لە قەزای کفری کرایەوە
+964
میلاد جەلال_گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە قەزای کفری سەنتەرێکی حکومی بۆ توشبوانی ئۆتیزم کرایەوە، کە دەبێتە یەکەم سەنتەری حکومی بۆ توشبوانی نەخۆشی ئۆتیزم.
ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە 964ى وت،”بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سەنتەری حکومی ئۆتیزم لەقەزای کفریمان کردەوە، لە سنوری گەرمیان دەبێتە یەکەم سەنتەری حکومی ئۆتیزم”.
“بینایەکمان ھەبوو شارەوانی کفری تێدابوو، ساڵی پار لێمان وەرگرتنەوە و نۆژەنمانکردەوە، دواتر بەشێوەی گرێبەست 30 فەرمانبەرمان بۆی دامەزراند، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی سەنتەرەکە ئەوانیش دەستبەکاربوون”،ژیلوان عادل وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”لە سەنتەرەکە ڕاھێنان و وانەی پەروەردەیی بە منداڵەکان دەوترێتەوە، بەپێی ڕێژەی توشبوونیان لە چەند ژورێک جیادەکرێنەوە و ڕاھێنانیان پێدەکرێت”.
لەبارەی ئەوەی چەند منداڵی ئۆتیزم لە گەرمیان ھەیە، ژیلوان عادل وتیشی،”بەپێی ئامارە نافەرمیەکان نزیکەی 300 منداڵی توشبووی ئۆتیزم لە گەرمیان بوونی ھەیە، بەپێی فۆرمێک کە پێشتر له قەزای کفری بڵاومان کردەوە ھەر ماڵێک چەند توشبووی ئۆتیزمی ھەیە، لە سنوری قەزای کفری بەفەرمی 22 منداڵ تۆمارکراوە”.