داوای پاشەکەوتەکەش دەکەن

داواکاریییە پێنج خاڵەکەی مانگرتووان درا بە سودانی و مەشهەدانی

964+
ئەحمەد مستەفا

بە واژۆی 35 پەڕلەمانتار، داواکاری فەرمانبەران و مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی گەیەندرا بە سودانی، ئەوان بە کورتی لە پێنج خاڵدا داواکانیان گەیاندووە، کە داواکارییە بۆ چەسپاندنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و گەڕاندنەوەی موچەی پاشەکەوتییان.

داواکارییەکان ئەمانەن؛
– پێدانی موچەی مانگی 12ی ساڵی 2024 کە تائێستا دابەش نەکراوە.
– موچە بە دوور بێت لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
– کردنەوەی لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان.
– رەتکردنەوەی پڕۆژەی هەژماری من و دابەشکردنی موچە لە بانکی عێراقی.
– دابینکردنی بودجەیەک بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوت کراو.

سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق کە ئەمڕۆ خۆی وێنەی مانگرتووەکانی لە باڵەخانەی پەڕلەمان بەرزکردووەتەوە بە 964ی وت، داواکاری مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانییان گەیاندە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشهەدانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، لە پاش ئەوەی بە نوسراوی فەڕمی ئاڕاستەیان کردوون.

لەگەڵ داواکارییەکاندا، وێنەی مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو تۆمار کراوە و وەک دیکۆمێنت دراوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەڕلەمان، کە بەئەمڕۆ یەکشەممەوە ماوەی شەش رۆژە لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، مانیان لە خواردن گرتووە.

بۆ پشتیوانی ئەو مانگرتووەی ئەوان، بڕیارە سبەینێ لە سلێمانی لەبەردەم پارکی مەلیک مەحمود، مامۆستا و فەرمانبەر خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی ئەنجام بدەن، وە ناویان لێ ناوە “وەفا و پشتیوانی” بۆ مانگرتووان.

دیمەنی نوسراو و دیکۆمێنتی مانگرتووان؛