خێوەتی مامۆستایان لە بناری گۆیژە. وینە :964
بۆ خێمەی مانگرتووان
مامۆستا و فەرمانبەرانی کەلار بە پێ دەچنە سلێمانی
964+
توانا نەقی
خێمەی مانگرتووانی سلێمانی لەهەموو چین و توێژەکانەوە و لە زۆربەی ناوچەکانەوە سەردان دەکرێت، بەڵام جیاوازتر لەوانە کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەر و خاوەن پێشە لە کەلارەوە بە پێ دەچنە سلێمانی.
ئەمڕۆ شەش رۆژە کۆمەڵێک مامۆستا لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی مانیان گرتووە لە خواردن و خواردنەوە و بەشێکیشیان تەندروستیان بەرەو خراپی دەچێت.
سەردار مەلیحە مامۆستا و سەرپەرشتیاری بە پێ رۆیشتنەکە بۆ سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، وەک پاڵپشتیەک بۆ مانگرتووەکان سبەینێ دووشەممە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی بە پێ بەڕێدەکەون بەرەو سلێمانی و ناو خێمەی مانگرتووان.
وتیشی، لە ئەمشەوەوە بانگەوازەکەیان کردووە تا ئێستا ژمارەیان لە مامۆستا و فەرمانبەر و تەنانەت خاوەن پیشەشەوە گەیشتووەتە 12 کەس و چاوەڕی دەکەن تا سبەینێ زیاتریش بن.
مامۆستا سەردا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتووەکان دەردەبڕن و لەگەڵ داواکانیانن، لەوێش بڕیار دەدەن ئایا بمێننەوە لەگەڵیان لە ناو خێمەکە یاخود نا.
لە رووی ئەوەی ئایا لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارە لە رۆشتنەکەیان یان نا ئەو وتی، تەنیا فریاکەوتنی تەندروستی کەلاریان ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش وتوویانە ناوبەناو سەریان لێدەدن لە رێگاکە ئاگاداری دۆخیان دەبن.
رێگای نێوان قەزای کەلار و شاری سلێمانی زیاترە لە 140 کیلۆمەتر و ئەگەر بە ئۆتۆمبێل بڕۆی زیاتر لە دوو کاتژمێر رێگە دەبێت.