پشتیوانی مامۆستا مانگرتووەکانی سلێمانییە
34 ساڵە خۆپیشاندان و مانگرتن نەبووە حەمەی مانگری تێدا نەبێت
دیلان محەمەد – سلێمانی
محەمەد عەبدولقادر لەناو خەڵکی بە حەمەی مانگر ناسراوە، چونکە 34 ساڵە لە هەموو ناڕەزایەتییەکانی سلێمانی بەشدارە و خۆپیشاندان و مانگرتن نەبووە، ئەم پیاوەی تیا نەبێت.
یەکەمجار حەمەی مانگر لەگەڵ 24 گەنجی تر و لە رۆژی 05.12.1991 لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە راگەیاند و داوایان دەکرد نەتەوە یەکگرتووەکان مافەکانی کورد دابین بکات.
ئەوکات مانگرتووان وەک هێمایەک بۆ بێباکییان بە ژیان، لەناو تابوتدا دەمانەوە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکردن و چەندین سروود و گۆرانیشیان بۆ دروستکرا.
لەو کاتەوە تائێستا هەرچی خۆپیشان و مانگرتن رووبدات حەمەی مانگری تێدایە، ئێستاش پشتیوانی مامۆستا مانگرتووەکانی سلێمانییە و رۆژانە سەردانیان دەکات و چا و قاوەیان بۆ ئامادە دەکات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری