سێ دۆنم دارستانیان وێرانکرد

لە پێنجوێن دوو داربڕ کارەساتێکى ژینگەییان دروست کرد

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لە گوندى بناوەسووتەى سنوورى پێنجوێن، دوو هاوڵاتى کارەساتێکى ژینگەییان خولقاند و زیاتر لە سێ دۆنم دارستانیان وێران کردووە و دارستانەکەیان کردووە بە زەوییەکى تەخت.

هەر بە بڕینەوەى دارەکانەوە نەوەستاون، لە رەگەوە هەڵیانکەندوون

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـى راگەیاند، ئەو دوو هاوڵاتییەی تۆمەتبارن بە بڕینەوەی دارەکان دەستگیریان کردوون و رادەستی دادگای پێنجوێن کراون.

وەک ئەوەى هێمن کەمەرخان باسى دەکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە بۆ مەبەستی بازرگانی ئەو دارانەیان بڕیوەتەوە و دارستانەکە و ژینگەی ئەو ناوچەیان وێرانکردووە.

“جگە لە بڕینەوەى سێ دۆنم دارستان، زەوییەکەشیان راماڵیوە و لە رەگەوە هەڵیانکەندوون”، هێمن کەمەرخان واى وت.

داربڕەکان، مشارى داربڕین و حەفارە و چەندین کەلوپەلى دیکەیان بەکارهێناوە، هەر بۆیە پۆلیس دەستى بەسەر هەموو ئامێرەکاندا گرتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سزاى ئەو کەسانەى دار دەبڕن پێبژاردنە، کە ئەوە دادوەر بەپێى جۆرى سەرپێچییەکە دیاریى دەکات، بەڵام ئەو دارانەى تەمەنیا سەروو 100 ساڵە، سزاکەى دوو ملیۆن دینارە، بە گشتیش سزاکە لە 100 هەزار تا 5 ملیۆن دینارە.

بەپێى ئامارێکى فەرمانگەى کشتوکاڵ،  سنوورى قەزاى پێنجوێن، خاوەنى 173 هەزار و 146 دۆنم دارستانە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح