سەلوان مۆمیکا لە سوێد. فۆتۆ: ئاژانسەکان
پێنج کەس لەسەر کوشتنەکەى دەستگیرکراون
بریار بوو ئەمڕۆ دادگا بڕیارى کۆتایى لەبارەى سەلوان مۆمیکا بدات
964+
وریا فەتاح
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگاى ناوچەى ستۆکهۆڵم بڕیارە لەبارە چارەنوسى سەلوان مۆمیکا بدات، بەڵام شەوێک پێش دادگاییەکە لە شوقەکەیدا کوژرا و پۆلیسیش پێنج کەسى بە تۆمەتى کوشتنەکەى دەستگیرکردووە.
سەلوان مۆمیکاى تەمەن 38 ساڵ، هاوڵاتییەکى عێراقى بووە و لە 2023دا بە سووتاندنى قورئان، رووبەڕووى ناڕەزایەتى و هەڕەشە بووەوە، هەڕەشەکان بەردەوام بوون تا ئەوەى رۆژى چوارشەممە لە شوقەکەیدا لە سوید کوژرا.
پۆلیسى ستۆکهۆڵم بە سى ئێن ئێنى وتووە، بڕیار بووە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دادگاییکردنێکدا بڕیار لەسەر مۆمیکا بدرێت، لەبەرامبەر ئەو هاندان و رق و کینەى بەهۆى سووتاندنى قورئانەوە دروستیکردبوو و دادگا بڕیار بدات کە ئایا مۆمیکا رق و کینەى بڵاوکردووەتەوە یان نا، بەڵام بەهۆى کوشتنەکەى بڕیارەکە بۆ 3ـى شوبات دواخراوە.
مۆمیکا لە 2018ـەوە عێراقى بەرەو سوید جێهێشتبوو
بەپێى لێدوانى پۆلیسى ستۆکهۆڵم، مۆمیکا پێى وابووە دەبێت قورئان لە جیهاندا قەدەغە بکریت بەهۆى ئەو مەترسیانەى لەسەر دیموکراسى و بەها مرۆییەکانى و مافى ژنان دروستیکردووە.
وەک ئەوەى پۆلسى باسى کردووە، دەسەڵاتدارانى سوید هەر لەسەرەتاوە دەیانویست رێگرى لە مۆمیکا بکەن لەبەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەى ئەنجامى دەدات، ئەوەش لە رێگەى پێدانى مۆڵەت بۆ ناڕەزایەتییەکانى، بەڵام دادگاى تێهەڵچوونەوەى ستۆکهۆڵم ئەو بڕیارەى پۆلیسى هەڵوەشاندووەتەوە و بە یاساغکردنى ئازادى رادەربڕین وێناى کردووە.
لە هەواڵەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئۆلف کریستیرسۆن، سەرۆک وەزیرانى سودی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاشکراى کردووە، لەگەڵ داواکارى گشتیى، دەبێت پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانیش بەشداربن لە لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتى کوشتنى مۆمیکا، چونکە گومانى هەیە لە تێوەگلانى زلهێزە بیانییەکان لە کوشتنى.
مۆمیکا نەک لەسەر ئاستى جیهان، بەڵکو لەسەر ئاستى وڵاتەکەشى رووبەڕووى هەڕەشە بووەوە لەبەرامبەر ئەو رەفتارانەى دژ بە قورئان ئەنجامى دەدا، هەر بۆیە لە تەموزى 2023، خۆپیشاندەرانى عێراق دووجار هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەى سوید لە بەغدا و داواى دیپۆتکردنەوەیان دەکرد.
سوید هەمیشە وەک هەڕەشە مۆمیکاى دەبینى، لەلایەنەکەوە بەهۆى یاساکانى وڵاتەکەى نەیدەتوانى هەڵوێستى توندى بەرامبەر بنوێنێت و لەلایەکى دیکەشەوە دەیزانى ئەو رەفتارانەى مەترسى دروست دەکات، هەربۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، دەزگای کۆچی سوید مۆڵەتی نیشتەجێبوونی مۆمیکاى هەڵوەشاندەوە و مۆڵەتى کاتى پێدرا.
لەبەرامبەر ئەوەدا مۆمیکا لە مانگی ئازاری 2024دا سوید بەجێهێشت و داوای مافی پەنابەری لە نەرویج کرد، لەوێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە ئازادی رادەربڕین و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن سویدەوە “درۆیەکی گەورەیە”.
نەرویج دوای چەند هەفتەیەک مۆمیکاى دیپۆرتی کردەوە بۆ سوید