خاوەن کۆشکەکانیش دەڵێن پارە دەدەن

لیژنەی زیادەڕۆکانی کەرکوک کۆشکی کاسبکاران دەڕوخێنن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ژمارەیەک لە خاوەن کۆشکەکانی رێگای بەغدا لە کەرکوک لە دژی روخاندنی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان گردبوونەوە، بە وتەی خۆیان دەیان ملیۆن دیناریان تێیداخەرج کردووە و  ساڵانە پارە دەدەن بەحکومەت.

دوێنی سێ شەممە 28.1.2025 لیژنەکانی زیادەڕۆیی کەرکوک لە هەڵمەتێکدا ژمارەیەک کۆشکی کاسبکارانیان روخاند و لەدژی ئەو هەڵمەتە لە بەردەم کۆشکەکانیان گردبوونە و داوادەکەن کێشەکانیان چارەسەربکرێت.

موهەنەد قاسم خاوەن یەکێک لە کۆشکەکان بە 964ـی وت، “قوتابی ماجستێرم دامەزراندن نییە و هەروەها موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیمان نیتە، هەستام بەدروستکردنی ئەم کۆشکە 20 ملیۆن دیناری تێچووە، لەو بڕە 10ملیۆنی قەرزە لە کاتێکدا ساڵانە کرێ بە فەرمانگەی موڵکداری دەوڵەت دەدەین دوو رۆژ بەر لە ئێستا 2ملیۆن و 500 هەزار دینار کرێم داوە، حەوت کۆشکیان روخاندووە تەنانەت لە روخاندنی کۆشکەکان جیاوازیان کردووە ئەوانەی بەرامبەرمان پارە نادەن بە حکومەت نەڕوخێندراوە، کەچی هی ئێمە روخێندراوە”.

وتیشی ، پێشتر ئەم شوێنە پشتگوێخرابوو ئەوانەی مەیان دەخواردەوە دادەنیشتن، ئێمە پاکمان کردەوە و روناکیمان بۆ دانا و رزقی حەوت کرێکاری لەسەرە.

964 چەند جارێک پەیوەندی بە فەڵاح یایچی قائیمقامی کەرکوک و سەرۆکی لیژنەی زیادەڕۆییەوە کرد بەڵام بەردەست نەبوو.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

زیادەڕۆییەکەت لاببرێت و دواتر دایبنێیتەوە سزا دەدرێیت

زیادەڕۆییەکەت لاببرێت و دواتر دایبنێیتەوە سزا دەدرێیت