كارمەندەكان لە کەرکوک گردبوونەوە
بەرپرسی فەوجێکی حەشدی شەعبی موچەی کارمەندەکانی بەبێ هیچ هۆكارێک بۆ خۆی دەبات
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەرپرسی فەوجێکی حەشدی شەعبی تۆمەتی ئەوەی لەسەرە بەشێكی موچەی کارمەندەکانی بەبێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو دەبات، کە ژمارەیان 170 کارمەندە و هەر کارمەندێکیش مانگانە 100هەزار دیناری لێ دەسەندرێت، یەكێك لەو كارمەندانە بە 964ی وت، ئەو پارەیە وەك سەرانە لێیان وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29.1.2025 کارمەندانی فەوجی سێی لیوای 63 حەشدی شەعبی لە دژی بڕینی موچەکانیان لە لایەن بەرپرسی فەوجەکەوە لە بەردەم دەستەی باکووری حەشدی شەعبی کۆبوونەوە، ئەوان داوا دەکەن موچەکانیان بۆ بگەرێتەوە.
ماجد یاسین کارمەندی حەشدی شەعبی بە 964ـی وت، “بەرپرسی فەوجەكەمان پارەی خۆراکی مانگانەمان دەبات و دەبێت خۆمان بیکڕین، مانگانە 100هەزار دینار سەرانەمان لێ دەبات لە بەرامبەر مۆڵەتی پێنج رۆژ”.
ماجد وتیشی، “جیا لەوانە دەبێت بلۆک و کەرەستەی بیناسازی بکڕین، هەروەها دەبێت ئاژەڵەکانی بلەوەڕێنین و بیاندۆشین”.
مازن عەلی، کارمەندێکی دیکەی حەشدی شەعبییە و بە 964ی وت، “ئێمە سەر بە فەوجی سێی کەرکوکی لیوای 63 حەشدی شەعبین، ئەم مانگە هەر کارمەندێک وەك سەرانە بڕی یەك ملیۆن و 300 هەزار دیناری لێبڕدراوە، خۆمان دەواممان لە دوزخورماتوە و بەشێکیشمان لە حەویجە”،
“ماوەی پێنج ساڵە سەرانەمان لێ دەسێنێت، لەبەرامبەر ئەوەی فەسڵ نەکرێن رازی بووین، بەڵام ئەم مانگە سەرجەم موچەکانمانی برد”، مازن عەلی وای وت.
هەر لە بارەی ئەم بابەتە، بەرپرسی راگەیاندنی لیوای 63 بە 964ـی وت، پێشتر ئەو فەوجە سەر بە کەرکوک بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی فەرماندەی فەوجەکەیان کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵیان پێ دەکات و هەروەها مانگانە بڕی 250هەزار دیناریان لێ دەبڕی و هەر هەفتەیەکیش بڕی 25 هەزار دینار خواردنیشیان وەردەگرت، بۆیە بڕیاریان دا لەو فەوجە نەمێننەوە و هەرکەسەوە بۆ سەر فەوجێكی دیکەی لیواکە خۆیان بگوازنەوە و دەوام بکەن.
وتیشی، “هەموو ئەندامانی فەوجەكە بە غیاب تۆماركراون و ناوەكانیان ئاراستەی دەستەی حەشدی شەعبی کراوە، بۆ ئەوەی موچەکانیان ببڕدرێت، بۆیە سەرجەمیان موچەکانیان بڕاوە و ئێستا لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا