دیمەنێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی. فۆتۆ: ئاژانسەکان
دەنگۆی زۆر هەیە
سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەسەر كار لابراوە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرەڕای بوونی دەنگۆی زۆر لەسەر لابردنی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە كارەكەی، بەڵام ئەمینداری رێكخراوی بەدر رەتیكردەوە هەواڵەكە راست بێت.
هادی عامری، ئەمینداری رێكخراوی بەدر لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەییاز لەسەر كار لانەبراوە و ئەو هەواڵانەی لەمبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە راست نین.
هەروەها ئەوەشی باس كرد، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆنەبوونەتەوە و بڕیارێكی لەم جۆرەیان نەداوە.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی ترەمپ لە سەرۆكایەتی ئەمریكا و هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ لێدانی گرووپە چەكدارییەكانی ناو عێراق، بە تایبەتی ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن، لەم ماوەیەدا دەنگۆ و هەواڵی جۆراوجۆر و ناڕاستیش سەبارەت بە گرووپە چەكدارییەكان و ئەو هێزانەی لە ئێرانەوە نزیكن، بڵاودەبنەوە.
حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازی و چەكداریی عێراقییە و بە یاسا دانی پێدانراوە و ساڵانە بودجەیەكی گەورە لە حكومەتی عێراق وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەكان دامەزراوەكە لە 67 گرووپی چەكداری جیاواز پێكهاتووە و زیاتر لە 128 هەزار چەكداری هەیە، كە زۆربەیان موسڵمانی شیعەمەزهەبن، بەڵام موسڵمانی سوننە و هەروەها كریستیان و ئایینزاكانیشی تێدایە.