"لەسەر راکێشانی کارەبای مۆلیدە"
لە کەرکوک گەنجێک بەچەقۆ کوژرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەهۆی شەڕە چەقۆوە لەناو بازاڕی قۆریەی شاری کەرکوک گەنجێک کوژرا و پۆلیسیش دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە.
یڵماز جەبار، شایەتحاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە 964ـی وت، “لە ناو بازاڕی قۆریە و بەدیاریکراوی لە نزیک شوقەی کۆتربازەکان، شەڕ لە نێوان سێ گەنج دروستبووە و یەکێک لە شەڕکەرەکان دوو چەقۆی بەرکەوتووە، یەکێکیان لەسەر دڵی و ئەوەی دیکەشیان لەتەنیشت دڵی دراوە، بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک بۆ 964 وتی، “گەنجەکە تەمەنی 23 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە و بەزووترین کات تۆمەتبارەکان دەستگیر دەکرێن چونکە ناسراون”.
سەرچاوەیەکیش لە بەشی هەواڵگری بنکەی پۆلیسی قۆریە بە 964ـی وت، “ئەو گەنجە کارپێکەری مۆلیدەیە لە گەڕەکی قۆریە ، سێ رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ ئەو گەنجانە بووەتە شەڕیان کە وایەرێکی کارەبای مۆلیدەیان راکێشاوە لە مۆلیدەکەیان و تا کار گەیشتووەتە ئەوەی ئەمشەو بەچەقۆ هێرش بکەنە سەری لەناو بازاڕەکە و بیکوژن”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر