رێگای باخی بەختیاری خۆش دەبێت

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ڤیدیۆ

بە دروستکردنی یەکتربڕی شەقامی باخی بەختیاری لە سلێمانی، ئەو قەرەباڵغییە زۆرە نامێنێت کە بەردەوام لەو شەقامە دەبیندرێت و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێت ساڵێکی تر تەواوی دەکەین.

پڕۆژەکە بریتییە لە دوو بەرزەپرد، یەکێکیان بەرامبەر شەقامی بەکرەجۆی تازەیە و ئەوەی تریشیان بەرامبەر قلیاسان و چەقچەقە، کە بە گوژمەی ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بە سەرپەرشتیی شارەوانیی سلێمانی و لە لایەن کۆمپانیای H.S.T و دەروازەی گەرمییانەوە جێبەجێ دەکرێت.

هێمن جەلال، سەرپەشتیاری پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری بە میدیازانی راگەیاند: ئێستا لە شەقامە کاتییەکان کار دەکەن، دەبێت ئەوان تەواو ببن پاشان لە شەقامە سەرەکییەکە دەست بە بەرزەپردەکان بکەین.

پێشتر بەهۆی بوونی تەکیەی کەسنەزانی لەسەر ئەو شەقامە، کە شوێنی سەرەکیی تەریقەتی کەسنەزانییە لە شاری سلێمانی، کێشە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دروست بوو، بەڵام بە وتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە کێشەکە کۆتایی هاتووە و کارەکە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی: “وادەی ساڵێک بۆ تەواوبوونی داندراوە، ئەگەر کەشوهەوا دوامان نەخات لە وادەی خۆیدا تەواوی دەکەین.”