یەکێک لە هۆڵەکانی خوێندن لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی _ وێنە: لە هەژماری پەیمانگەکە وەرگیراوە
وتویانە، "تەنیا پارەی ستاف خەرج دەکەن"
بەشەکانی ئێوارانی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی بایکۆت ناشکێنن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەوە، دەوام لە هەشت بەشی ئێواران، لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی راگیراوە، بەرپرسانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پێیان وتوون، “ئێستا تەنیا دەتوانن خەرجی ستافی بەشەکان دابین بکەن نەک ستاف و مامۆستاکان پێکەوە”.
هەفتەی رابردوو بوو، بەشەکانی (کارگێڕی کار، ژمێریاری، شیکاری نەخۆشییەکان، تەندروستی گشتی، پەرستاری، دەرمانسازی، میدیا و کارەبا)ی پەیمانگەکە نوسراوێک ئاڕاستەی راگر و یاریدەدەری راگری پەیمانگەیان کرد، ئەوان بەشێوەیەکی گشتی دوو داواکارییان هەیە، خەرجکردنی شایستەی دارایی مامۆستای وانەبێژ، وە مافە داراییەکانی ئەو مامۆستایانەی لە تاقیکردنەوەی سمستەرەکان چاودێر بوون.
بەدیاریکراوی کرێی چاودێری، مانگەکانی دوو لە خولەکانی یەک و دوو، وە مانگی شەش لە خولی یەکەم و دووەمی ساڵی 2024، وە شایستەکانی وانەبێژان لە مانگەکانی (5.10.11.12)ی ساڵی 2024، هەروەها مافە داراییەکانی ستافی ئێواران بۆ مانگەکانی (9.10.11.12)ی ساڵی 2024 خەرج نەکراوە.
تۆڕی 964، لەگەڵ چەند کارمەند و مامۆستایەک لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە پەیمانگە لە لە ئەستۆیەتی قسەی کردووە، ئەوان لەبەر هەستیاری دۆخەکە نایەوێت ئاماژە بە ناویان بکرێ ،بەڵام بە 964 یان وت، سەرۆکایەتی زانکۆ پێی توون، لە ئێستادا تەنیا دەتوانن پارەی ستافی بەشەکان (کارمەند، بڕیاردەر، سەرۆکی بەش) خەرج بکەن، بەڵام سەرۆکی بەشەکان داوایان کردووە، کە پێکەوە پارەی سەرجەمی ستاف و مامۆستاکان خەرج بکرێ، بەو هۆکارە بایکۆتی ئەو بەشانە بەردەوامە.
بە گوێرەی سۆراغی 964، سەرجەمیان ئەو مافە داراییەی داوای دەکەن، لە ساڵی 2024 ئەرکەکەیان لە بەرامبەریدا بەجێ گەیاندووە، خەرجی ئەو مامۆستایانە کە لە 600 هەزار دینار، یەک ملیۆن دینار و تا یەک ملیۆن و 500 دیناری تێدایە، بەهۆی ئەو بایکۆتەوە، دەوامی مامۆستان و کارمەندی بەشەکان راگیراوە و ماوەی سێ رۆژە خوێندکاران وانەی نوێیان نەخوێندووە.
دیمەنێک لە نوسراوی بەشەکانی ئێواران لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی؛