بەشێوەیەکى سەردەمیانە دروست دەکرێتەوە
سەیرانگاى بێخاڵ تێکدەدرێت
964+
ئاکام غەفور-سۆران
سەیرانگای بێخاڵ تێکدەدرێت، سەر لە نوێ بە ماستەرپلانێکی گەشتیاری سەردەمیانە دروست دەکرێتەو، گەشتوگوزاریش دڵنیایى بە خاوەنکارەکانى سەیرانگاکە دەدات.
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز بە 964ـى وت،”سەیرانگای بێخاڵ بە ماستەر پلانێکی نوێی گەشتیاری دروستدەکرێتەوە، پێشتر چەند جارێک لەگەڵ خاوەن چێشتخانە و دوکانەکانی بێخاڵ کۆبوینەتەوە، ئەوانیش ئاگادری بابەتەکەن و لە ئایندەیەکی نزیک دەچێتە بواری جێبەجێکردن”.
باسى لەوەشکرد، ئەو چێشتخانە و هۆتێل و مۆتێل و دوکان و کافێیانەی لە سەیرانگاکا بوونیان هەیە تێکدەدرێن و بە دیزاینێکی نوێ و سەردەمیانە دروست دەکرێنەوە.
لە بارەى دودڵى خاوەنکارەکانى سەیرانگاکە، پارێز یوسف جەختیکردەوە کە بێخاڵ موڵکی حکومەتە و گشتییە، بەڵام لە دوای دروستکردنەوەی هەر ئەو کەسانەی لەوێ کار دەکەن سودمەند دەبن و کەسی تر لەوێ شوێن و کاری پێنادرێت.
سەیرانگای بێخاڵ کۆتا جار کە نۆژەن کرایەوە ساڵی 2017 بوو، ئەو کات چێشتخانە و دوکانەکانی لە عەسیر و دار دروست کرابوون.
سەیرانگاى بێخاڵ لە سنووری قەزای رواندزە و یەکێکە لە شوێنە هەر دیارەکانی کەرتی گەشتیاری کوردستان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح